06 07 2021

نشست اعلان رتبه علمی «پژوهشنامه ادبیات کردی»

نشست اعلان رتبه علمی «پژوهشنامه ادبیات کردی»

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان، جێگری توێژینەوەیی و تەکنۆلۆژیای زانکۆی کوردستان و دەستەی نووسەرانی «پژوهشامە ادبیات کردی» توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان، لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامان و کارگێڕانی «پژوهشامە ادبیات کردی»، بە بۆنه‌ی بەدەستهێنانی پله‌ی زانستیی "ب" لە لایەن وەزارەتی زانست و توێژینەوەی ئێران ڕێزگیرا. 
ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان لە کۆڕێکی ڕێزلێناندا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی کوردستان، جێگری توێژینەوەیی و تەکنۆلۆژیای زانکۆی کوردستان، سەرۆک و ئەندامانی توێژینگەی کوردستان‌ناسی،  بەرپرس، سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی پژوهشنامە ادبیات کردی توێژینگەی کوردستان‌ناسی، ڕێزگیرا لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامان و کارگێڕانی ئەم گۆڤاره، بە مەبەستی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستیی گۆڤارەکە بۆ "ب" لە لایەن وەزارەتی زانست و توێژینەوەی ئێران. 
دوکتۆر ئومێد قادرزادە لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا وێڕای بەخێرهاتنی بە میوانانی ئەم کۆڕە، ئاوڕی دایەوە سەر دامەزراندنی «پژوهشامە ادبیات کردی» و ئەو ڕەوتەی کە لەم ئاراستەیەدا دەستی پێکرد و ئەو هەوڵانەی لەم بوارەدا خرایه گه‌ڕ. دوکتۆر قادرزادە وتی: گەیاندنی ئەم گۆڤارە تا ئه‌م پله‌یه، کۆمەڵێک هەوڵ و ماندووبوونی بە دوای خۆیدا هێنا کە ئه‌م ده‌سکه‌وت و بەرهەمەی لێ که‌وته‌وه.

«پژوهشامە ادبیات کردی» پێویسته ببێتە سەرچاوەیەکی گرینگی ئەدەبی کوردی

دوکتۆر قادرزادە لە کۆتایی قسەکانیدا سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە لە سەرەتا و دەست بەکاربوونی ئەم گۆڤارەدا پێوه ماندوو بوون و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک گۆڤارەکەیان گەیاندووەتە ئاستێک کە قسەی بۆ وتن هه‌بێت و جێگای خۆی لە نێو گۆڤارە زانستییەکانی ئێراندا بکاتەوە؛ هیوادارین ئەم پژوهشنامەیە ببێتە سەرچاوەیەکی گرینگی ئەدەبی کوردی.
دوکتۆر نەجمەدین جەباری بەرپرسی «پژوهشامە ادبیات کردی» توێژینگەی کوردستان‌ناسی وێڕای بە خێرهاتنی میوانان و پیرۆزباییان بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەسکەوتە بەنرخە، ئاماژەیان دایە سەر ڕۆژانی سەرەتایی دەست بەکاربوونیان وەک سەرۆکی توێژینگەی کوردستان‌ناسی و ئەو پڕۆژانەی کە دەبوایەت وەک سەرۆکێکی ئه‌و به‌شه جێبەجێیان کردایە. 
بەدەستهێنانی پلەی زانستی "ب"ی «پژوهشامە ادبیات کردی»، ئاکامی هەوڵ و ماندووبوونی کۆمەڵێک مرۆڤی لە خۆبووردووە.
دوکتۆر جەباری ئاماژەی دایە سەر دەسپێکی کار و چالاکییەکانی پژوهشنامە و وتی: یەکێک لەو پڕۆژە سەرەکییانەی کە وەک سەرۆکێک دەمویست لە توێژینگەی کوردستان‌ناسیدا جێبەجێی بکەم، دامەزراندنی ئەم گۆڤارە بوو کە ئێستا لە بەروبوومەکەی دەخۆین و کۆی ئەم هەوڵ و بەرهەمە، ئاکامی لێهاتوویی و نەسرەوتنەکانی کۆمەڵێک مرۆڤی لە خۆبوردووە کە لە هەر پێگە و جێگایەکدا لە هیچ جۆرە پاڵپشتییەک چاوپۆشییان نەکرد. 
لە درێژەی کۆڕەکەدا دوکتۆر ئیبراهیم بەدەخشان، سەرۆکی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان، گرینگیی دامەزراندنی گۆڤارێکی تایبەت بە زمانناسیی کوردیی لە توێژینگەی کوردستان‌ناسیی بە پێویست ناساند و وتی: بە لەبەرچاوگرتنی گرینگایەتیی زانستی زمانناسی، بوونی گۆڤارێکی تایبەت بە زمانناسیی کوردیی یەکێک لە گرینگییەکانە و پێویستە کە لەم پڕۆژەیەش پاڵپشتی بکرێت.
سەرۆکی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان وتی: پێویستە کە ئاوڕێکی جیددیتر و باشتر بدرێته گۆڤارەکانی دیکەی زانکۆیش تاکوو بتوانن ئاستی زانستیی خۆیان بە باشی بپێون کە لەم نێوانەدا پاڵپشتی لە گۆڤارەکانی تایبەت بە زمانناسی گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە و دەبێت زیاتر پاڵپشتییان لێ بکرێت.
لە درێژەی کۆڕەدا دوکتۆر بەختیار سەجادی، جێگری سەرنووسەری «پژوهشامە ادبیات کردی» توێژینگەی کوردستان‌ناسی سپاس و ڕێزی خۆی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد بۆ گەیاندنی گۆڤارەکە بەم ئاستە هەوڵ و تەقالایان داوە، کە بریتین لە لێژنەی هەڵسەنگاندنی وتارەکان، نڤیسیاران و هەڵەگرەکان.
«پژوهشامە ادبیات کردی» تاقە ژۆرناڵی کوردییە کە لە لایەن ماڵپەڕی ISC دانیپێدا نراوە.
سەرنووسەری جێنشینی «پژوهشامە ادبیات کردی» توێژینگەی کوردستان‌ناسی ئاماژەی‌ دایە سەر ئەندامبوونی گۆڤارەکە لە ماڵپەڕی جیهانیی  ISC و وتی: ئێمە لە زمانی کوردیدا خاوەنی ٥٠ گۆڤاری زانستین کە ٤٥ دانە لەم گۆڤارانە لە هەرێمی کوردستان، ٤ دانە لە کورستانی تورکیا و ١ دانەیان لە زانکۆی قامیشلوو لە کوردستانی سووریایە کە لەم نێوانەدا «پژوهشامە ادبیات کردی» توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان تاقە ژۆڕناڵی کوردییە کە لە ناوەندی "ISC" دانیپێدا نراوە. 
دوکتۆر سەجادی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وێبسایتی بەڕێوەبرایەتیی گۆڤارەکانی زانکۆی کوردستان خاوەنی ١٨ گۆڤاری زانکۆییە کە لەم هەژمارە ٧ دانەیان لە لایەن وەزارەتی زانست و توێژینەوە‌وه پەسەند کراوە؛  لەم ٧ گۆڤاره‌ش دوانیان تایبەتن بە زمان و وێژە کە یەکێکیان «پژوهشامە ادبیات کردی» توێژینگەیە بە دوو زمانی فارسی و کوردی و ئەوی دیکەیشیان گۆڤاری ڕەخنەیی وێژەی ئینگلیسییە بە زمانی ئینگلیسی. 
دوکتۆر سەجادی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی خستە سەر پاڵشتیی زیاتری زانکۆی کوردستان لە گۆڤارەکان و داوای کرد کە لەم پێناوه‌دا بایەخ و گرینگایەتییەکی زیاتر بدرێتە گۆڤارە زانستییەکان. 
لە درێژەی کۆڕەکەدا هەریەک لە بەڕێزان دوکتۆر هادی ڕزوان، دوکتۆر یەدوڵڵا پەشابادی، دوکتۆر ڕەحمان وەیسی، دوکتۆر مەهدی حسەینی و دوکتۆر فەردین حسەین‌پەناهی، بوونی دامەزراندنی گۆڤارێکی تایبەت بە زمان و وێژە لە کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان، تایبەت‌کردنی فایلێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری «پژوهشامە ادبیات کردی»، زیادکردنی زمانی ئینگلیزی بە گۆڤاری پەژووهشنامەیان وەک گرینگایەتییەک باس کرد. 
دوکتۆر کیومەرس کەرەمی، جێگری توێژینەوە و تەکنەلۆژیای زانکۆی کوردستان وێڕای دەربڕینی هەستی سپاس و پێزانینی خۆی لەمەڕ بەدەستهێنانی ئاستی زانستیی "ب" بۆ پژوهشنامە ادبیات کردی جەختی خستە سەر پاڵپشتیی هەمەلایەنەی زانکۆی کوردستان بۆ گۆڤارەکانی زانکۆ و ئەو هەوڵانەی لەم پێناوەدا ده‌درێت و وتی: هیممەت و هەوڵی بێوەچانی هاوکاران و ئەندامانی ئەم گۆڤارە لە گەیشتن بەم سەرکەوتنەدا کاریگەر بووە. جێگری توێژینەوەیی و تەکنەلۆژیای زانکۆی کوردستان ئاماژەی دایە سەر سیاسەتی شۆرای توێژینەوەیی زانکۆی کوردستان و وتی: سیاستی ئێمە لە شۆرای توێژینەوەیی زانکۆی کوردستان ئەمەیە کە بە شیوازێکی جیاوازتر دەڕوانینه سه‌ر کتێبی کوردی و بۆ باسی چاپی کتێب و بڵاو کراوە بە زمانی کوردی هیچ جۆرە به‌ربه‌ست و سنووردارییەتییەکمان نییە و بە شێوازێکی زۆر جیاواز دەڕوانینە گۆڤاری پژوهشنامە ادبیات کوردی. 
دوکتۆر کەرەمی لە کۆتایی قسەکانیدا چووەسەر باسی ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەرەوڕووی گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆن و وتی: بێگومان لەم بوارە کێشە و گرفتەکانمان زۆرن، بەڵام هەموو هەوڵێکی ئێمە ئەوەیە کە چ لە لایەن مەعنەوی و چ لە ڕووی مادیشەوە پاڵپشتی ئەم گۆڤارانە بین، هەر بۆ ئەم مەبەستەش دانانی بەڕێوەبەری گۆڤارەکانی لە زانکۆی کوردستان گرینگ وەسف کرد و هەواڵی دامەزراندنی ئەم بەشەی بە ئامادەبووانی کۆڕەکە ڕاگه‌یاند. 
دوکتۆر ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان دوایین وتاربێژی ئەم کۆڕە بوو و بە ئاماژەیان بە هەوڵی کەسانێکی لێهاتوو و دڵسۆزی زمان و وێژەی کوردی وتی: ئەگەر زانکۆی کوردستان لە ئێستادا گەیشتووەتە پلە و پایەیەکی گەورە و خاوەنی پێگەیەکی بەرزە، بە بوونی کۆمەڵێک مرۆڤی گەورەی لێهاتووە کە بەردەوام لە هەوڵدان و لە هیچ هاوکارییەک چاوپۆشی ناکەن؛ کە ئەمە بووەتە هۆی شانازیی هەموومان. 
دوکتۆر سادقی له درێژه‌ی باسه‌کانیدا وتی: ٣٠ ساڵ لە تەمەنی زانکۆی کوردستان وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ تێپەڕ دەبێت کە لەم ماوەیەدا ئامانجی ئێمە دانانی کاریگەریی باش لەسەر کۆمەڵگە بووە. دوکتۆر سادقی بوونی بەشی زمان و وێژەی کوردیی لە زانکۆی کوردستان به گرینگ نرخاند و وتی: زمانی کوردی زۆرترین فیدبەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێبسایتی زانکۆدا بووە کە ئەمە گرینگایەتی و هۆگرایەتیی خەڵکی له ئاست زمانی کوردی پیشان دەدات. لە کۆتاییدا دوکتۆر سادقی ڕێزی گرت لە هەوڵی ئەندامان و هاوکارانی «پژوهشامە ادبیات کردی» بۆ بەدەستهێنانی پلەی "ب" لە لایەن وەزارەتی زانست و توێژینەوە و وتی: گۆڤاری «پژوهشامە ادبیات کردی» نموونەیەکی کاریگەر و جێی بایەخە و پێویستە ببێتە ئولگوویەکی زانستی بۆ زانکۆی کوردستان.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی ڕێزنامەیەک، لە ئەندامان و بەرپرسانی گۆڤاری «پژوهشامە ادبیات کردی» ڕێز گیرا.