30 05 2021

سه‌ردانی هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی و وه‌فدی هاوڕێی بۆ توێژینگەی کوردستان‌ناسیی

سه‌ردانی هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی و وه‌فدی هاوڕێی بۆ توێژینگەی کوردستان‌ناسیی

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی‌دا، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی و وه‌فدی هاوڕێی، سەردانی توێژینگەی کوردستان‌ناسییان کرد. 

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمی، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی و وه‌فدی هاوڕێی، سەردانی توێژینگەی کوردستان‌ناسییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ کار و چالاکییەکانی ئەم ناوەندە ئاشنا بوون. 
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی و چەند کەس لە ئەندامانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لێژنەی سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان و نوێنه‌ری پارێزگای کوردستان، سەردانی توێژینگەی کوردستان ناسیی زانکۆی کوردستانیان کرد. 
لە سەرەتای سەردانەکەدا دکتۆر فاتێح حەبیبی جێگری سەرۆکی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان، وێڕای بەخێر هاتنی بە میوانان و ئامادەبووان، خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ ئەم سەردانە دەربڕی و ئاماژەیەکی کورتی‌دایە دەسپێک و ڕەوتی کار و چالاکییەکانی توێژینگەی کوردستان‌ناسی و ئەو بەرهەمانەی کە تا بە ئێستا لەم ناوەندەدا خولقاون و کاریان لەسەر کراوە. 
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا دوکتۆر مەسعوود بینەندە، بەرپرسی توێژینەوەیی توێژینگەی کوردستان‌ناسی، له زمانی به‌رپرسی گشتیی توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسی زانکۆی کوردستان، دوکتۆر ئۆمید قادرزاده به‌خێرهاتنی میوانانی کرد و هەژماری ئەو کار و چالاکییانەی هێنایە بەرباس کە توێژینگەی کوردستان-ناسی سەرقاڵی بووە و تا بە ئێستا ئەنجامی گه‌یاندوون. دوکتۆر بینەندە وتی: ئەم ناوەندە وەک یەکەمین ناوەندی زانستیی تایبەت بە کوردستان‌ناسی لە ئێران، تا بە ئێستا ڕۆڵێکی کارای لەم بوارەدا گێڕاوە و بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، جێبەجێ‌کردنی پڕۆژەی توێژینەوەیی و گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستیی تایبەت بە بەشەکانی توێژینگە، هەوڵیداوە تا ڕادەیەک کەلێنەکانی ئەم بەشە پڕ بکاتەوە و پێوەندییەکی هەمەلایەنەی باش لەگەڵ توێژەران و بەردەنگەکانی ئەم بوارە دروست بکات.
دوکتۆر بینەندە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: توێژینگەی کوردستان‌ناسی بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ٥٠ کتێب لە بوارەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی، بڵاوکردنەوەی ١٠ ژمارەی توێژینه‌وه‌نامەی وێژەی کوردی، بەڕێوەبردنی زیاتر لە ٥٠ کۆڕ و ڕێوڕەسمی زانستی و ڕێزلێنان لە لایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی و بەستنی کۆمەڵێک گرێبەستی لێک‌تێگەیشتن لەگەڵ ناوەند و فه‌رمانگەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەتایبەت هەرێمی کوردستان، توانیویە ببێتە سەرچاوگەیەکی باش لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و جێی متمانەی کۆمەڵگه‌ی کوردی. 


بوونی کتێبخانەی توێژینگەی کوردستان‌ناسی، ڕەنگدانەوەیەکی جوانی بەخشیوە بە زانکۆی کوردستان


کتێبخانەی توێژینگەی کوردستان‌ناسی وەک یەکێک لە گرینگترین کتێبخانەکانی ڕۆژئاوای ئێران لە بواری سەرچاوەی کوردی بە دوو جۆری چاپی و ئەلکترۆنی، دەورێکی بەرچاوی گێڕاوە لە کەڵک وەرگرتنی توێژەرانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی کوردی و  ئەو خوێندکارانەی لەم بوارەدا کار دەکەن. بوونی زیاتر لە ١٤هەزار جۆر کتێبی ئەلکترۆنی، ١٥ هەزار جۆر کتێبی چاپی و زیاتر لە ٤٠٠ ناونیشان سەرچاوەی گۆڤار و بڵاوکراوەی ژێدەر، لەم کتێبخانەیەدا، ڕەنگدانەوەیەکی جوانی بەخشیوە بە زانکۆی کوردستان و ڕۆژانە کەسانێکی زۆر سەردانی بەشی کتێبخانە دەکەن و لە سەرچاوەکانی ئەم بەشە کەڵک وەردەگرن. 
دکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی کە لەم سەردانەدا میوانی زانکۆی کوردستان و توێژینگەی کوردستان‌ناسی بوو؛ وێڕای سپاسی تایبەتی بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە هەل و دەرفەتی سەردانیان بۆ توێژینگەی کوردستان‌ناسی ڕەخساند وتی: بۆ ئێمە شانازییە کە لە دەرفەتێکی ئاوادا توانیمان سەردانی زانکۆی کوردستان و توێژینگەی کوردستان‌ناسی بکەین و هیوادارین کە ئەم سەردان و یەکبوونە بێ دەسکەوت نەبێت. 


بوونی ناوەندە زانستییە توێژینەوەییەکان، ڕۆڵێکی کارایان هەیە لە پێشڤەچوونی زیاتری لێکۆڵینەوەی کوردی


لە درێژەدا هەڤاڵ ئەبووبەکر لەمەڕ پەیوەندی و لێک‌نزیکبوونەوەکانی توێژینگەی کوردستان‌ناسی و ناوەندە فەرهەنگی و توێژینەوەییەکانی هەرێمی کوردستان وتی: بوونی ناوەندە زانستییە توێژینەوەییەکان ڕۆڵێکی کارایان هەیە لە پێشڤەچوونی زیاتری لێکۆڵینەوەی کوردی و پێویستە کە ئەم پێوەندییانەی نێوان هەردوولا پەرە بستێنێت و درێژەی هەبێت. 
هەڤاڵ ئەبووبەکر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەیدایە سەر ئەو کار و چالاکییانەی کە پارێزگای سلێمانی لە بواری فەرهەنگی، ئەدەبی،مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە کردوویە و وتی: پارێزگای سلێمانی تا بە ئێستا پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەو کەس و ناوەندانە بووە کە لە هەر بوارێکی فەرهەنگی، ئەدەبی، لێکۆڵینەوەیی و هتد سەرقاڵی کار و چالاکین و بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لەم بوارەدا هەنگاو هەڵبێنێت و دەوری هەبێت. پاڵپشتی لە هونەرمەندان، شوێنەوارناسان، نووسەران و ئەو ناوەندانەی کە لە بوارەکانی لێکۆڵینەوەی کوردییەوە سەرقاڵی چالاکین، وەک ئەرکێک دەبینین و یارمەتیدەری هەر چەشنە کار و چالاکییەکی لەو شێوەین و لە پاڵپشتی‌کردنی خۆیشمان دانابڕێین. 
هەروەها وتی: ئێمە پێشتریش لەگەڵ زانکۆی کوردستان پێوەندییمان هەبووە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش پێوەندییەکی چڕوپڕیان لەگەڵ ئەم زانکۆیە هەیە کە خوازیاری پەرەپێدانی ئەم پێوەندییانەین و تایبەت بە توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستانیش ئەم پارێزگایە پاڵپشتیی خۆی بۆ دروستکردنی هەر جۆرە پێوەندییەک لەگەڵ ئەم ناوەندە  دەردەبڕێت و بە چاپی کتێب، توێژینه‌وه‌ی زانستی، کردنەوەی پیشانگای هاوبەش، هاوکاریی لە بوارەکانی سینەماکاری و شوێنەوارناسیی مێژوویی  و هتد، ئەرکی خۆی بە جێ دێنێت و لە هیچ جۆرە پاڵپشتییەک چاوپۆشی ناکات.
 به‌پێی داخوازی توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسی و به مه‌به‌ستی گه‌ره‌نتی‌کردنی هاوکاریی هاوبه‌شی زانستی، به‌ڕێزیان به‌ڵێنی نووسینی گرێبه‌ستێکی هاوکارییان دا له نێوان پارێزگای سلێمانی و توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسیدا. هه‌روه‌ها لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا چەند بەرگێک لە کتێبە بڵاوکراوەکانی توێژینگەی کوردستان‌ناسی، وەک دیاری و پێشکەشییەک، ئاراستەی دکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی کرا.