23 11 2011

همایش ملی اردلان‌شناسی

همایش ملی اردلان‌شناسی

 

لە دەسپێکی ئەم کونگرە سەرۆکی زانکۆی کوردستان وێڕای بەخێر هاتنی میوانان، سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی پارێزگاری کوردستان، نوێنەری وەلی فەقی لە کوردستان و هەموو ئەو کەسانە کرد کە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کونگرە تێکۆشاون. دوکتۆر جەهانشیر ئەمینی ڕایگەیاند: زۆرتر لە 100 وتار بۆ ئەم کونگرە بەڕێ کراوە کە بە پێک هاتنی کومیتەی داوەران، زۆرتر لە 70 وتار پەسن کرا و زۆرتر لە 24 وتاریش لەم دوو ڕۆژەدا ئاراستە دەکرێت و باس و پێداچوونەوەی لە سەر دەکرێت. ئەو وتیشی: مەبەست لە بەڕێوە بردنی ئەم کونگرە لێکدانەوەی کاریگەری بنەماڵەی ئەردەڵان لە سەر فەرهەنگ، ئەدەب، ئابووری، کشت و کاڵ، بیناسازی و هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شاری سنەیە کە بە دڵنیاییەوە ڕۆڵێکی گرینگیان بووە و ئەمەش لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا لە لایەن پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی ئەم بوارەوە باسی لە سەر دەکرێت. دوکتۆر ئەمینی لە کۆتایی وتیشی: هیوادارم ئەم کۆنگرە دەسکەوتی باشی بێت و ببێتە هۆی گەشە کردنی زۆرتری فەرهەنگ لە کوردستان و هەروەها ڕێخۆشکەری کۆنگرەهاێیکی دیکە لە داهاتوو بێت.

پاشان دوکتۆر نەجمەدین جەباری، سەرۆکی ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستان وێڕای بە خێر هاتنی میوانان، وتی: ئەردەڵان وشەیێکی بەرز و هێژایە لە بەر ئەوەی کە مێژوویێکی دێرینی لە پشتی خۆیەوە حەشار داوە و لەم وشەدا تەواوی ئەو شتانە کە نەتەوەیێک پێ سەربەرز دەبێت، بەدی دەکریت. ئەو بە ئاماژە بەوەی کە ئەردەڵانەکان میرەماڵێک بوون کە لانیکەم حەوت سەدە خەباتی چڕ و پڕی کرد تا چرای مانەوەیی هەڵگیرساو ڕابگرێت، وتی: بۆ هەر بوارێک لە بوارەکانی زانستی، سیاسی، ئەدەبی، مێژوونووسی، چەکداری، بیناسازی و هونەری ئاماژە دەکەین، شوێن پێ ئەردەڵان لە ئێران بە ڕوونی دیارە. دوکتۆر جەباری بەم شێوە درێژەی بە باسەکەی دا و وتی: لە سەردەمی خۆیدا شکۆی میرانێکی وەک هەڵۆ خان، ئەمانوڵاخان و ... داگیرکەرێک وەک سوڵتان سەلیم عوسمانی بە لەرزە خستووە تاکوو دەرسی نیشتمان پەروەری چین بە چین لە ناو ئەم بنەماڵەدا بوترێتەوە. ئەو هەروەها بڕوای وایە کە بیرتیژی میرانی بنەماڵەی ئەردەڵان دار و بێسانێک پێک دێنێ کە سنە دەکاتە دارولعیلمی وڵاتانی ئیسلامی تا سەرنجی دۆست و دوژمن بۆ ئەم خاکە ڕاکێشێ.

سەرۆکی ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستان لە درێژەدا دەڵێت: دەرفەتی بە چنگ هاتوو لە سەردەمی میرایەتی ئەمانوڵاخاندا بۆ شاری سنە هەلێک ئەڕەخسێنی کە شان بدا لە شانی شیراز و قاهیرە و بەغدا و بوخارا و سەمەرقەند و لە ژێر سێبەری ئەم بنەماڵەدا شاری سنە ئەبێتە یەکەمین شارێک کە کورد بە دەستی خۆی بەردی بنەغەی دانا تا هەر لە سەرەتاوە نەک تەنیا پایتەختی سیاسی بەلکوو مەکۆی ڕووناکبیری و فەرهەنگی و ئەدەبی بێت و لە شارستانیەتتێدا خۆی بنوێنێت. ئەو وتیشی: لە بارودۆخی ئەو کاتەی ئەردەڵان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم کارانەیان کارستان بووە بەڵام لە گەڵ ئەمانەشدا کێیە کە چاوێک بە ئاکامی ئەم میرەماڵە مەزنەدا نەخشێنی و فرمێسکی سوور هەڵنەوەرینێ. نەجمەدین جەباری وتیشی: باس کردن و هەڵسەنگاندنی کارنامەی میرانی ئەردەڵان و چەشنی دەرکەوتن و کوژانەوەیان لە جوغرافیای سیاسی سەردەم‌دا ئەوینێکی لە دڵدا داگیرساند کە ئەم کۆڕە زانستییەی لێ کەوتەوە تا بە رەنجی هاوڕێیانی فەرهەنگ، خوێندنەوەیێکی زانستیانە لە سەر ئەم کارنامە بێتە ئاراوە. ئەو ئەم کۆڕە زانستییەی بە هەنگاوێک زانی کە توێژینگەی زمان و ئەدەبی کوردی زانستگای کوردستان بە سەرمایەی یەک ساڵ ماندوو بوون بۆ زانستی کردنی توێژینەوەی کوردی ئەنجامی داوە بەو هیوایە کە ئەم هەنگاوە جێ خۆی لە تویژینەوەدا بدۆزێتەوە.

سەرۆکی ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە پێشنیاری بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕە لە لایەن جەماڵ ئەحمەدی ئایینەوە باسی لێ کرا، لە درێژەدا وتی: هەوڵ بۆ ئەم کۆڕە لە کۆتایی وەرزی بەهارەوە دەستی پێ کرد کە ئاکامی گەیشتنی 106 وتار بوو کە لە داوەری ئەم کارانەدا 70 وتار وەرگیران و بە شێوەی زانستیانە هەڵسەنگێندران کە لەوانەش 24 وتار لەم دوو ڕۆژەدا لە لایەن نووسەرانیانەوە پێشکەشی بەشداربووان دەکرێت. ئەو بە ئاماژە بەوەی کە هەڵگواستنی ئەم وتارانە بە پشت گەرمی تیمێکی کارا ئەنجام بووە کە جەماڵ ئەحمەدی ئایین، دوکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان، دوکتۆر ئیبراهیم بەدەخشان، مەنسوور ڕەحمانی، عەبدۆڵا ڕەسوول نژاد، هادی ڕزوان، دوکتۆر بەختیار سەجادی، ئەسعەد شێخ ئەحمەدی، هووشمەند عەلیزادە، دوکتۆر یادگار کەریمی، ماجید مەردۆخ ڕۆحانی، نەوید نەقشبەندی و ئومید نەیچی لە ئەندامانی ئەم تیمە بوون و بۆ هاوڕێیان سەری کڕنۆش دادەنوێنم و هیوادارم نموونەیان زۆر بێت.

پاش باسەکانی دوکتۆر جەباری، وتاری یەکەم لە لایەن محەممەد عەلی سوڵتانی سەبارەت بە مێژووی ئەردەڵان بەم شێوە پێشکەش کرا:

بۆ باس کردن لە مێژووی ئەردەڵان سەرەتا دەبێ بیر لەمە بکەینەوە کە میرەکانی ئەردەلان چ جیاوازیێکیان لە دیکەی خانەدانەکان بووە. میر لە کوردیدا پێوەندی بە ئەمیری عەرەبیەوە نیە بەڵکوو هاوواتای میهرە. میهر واتا واستەی نێوان کۆمەڵگا و خوداوەند. ئێمە لە زاراوە(اصطلاح)ی مێژوویی دا بە بڕێک لەوانەی کە حوکمڕان و والی بوون، دەڵێین خاندان بۆ وێنە بە قەجەر و ئەفشار و زەندیە ناڵێن خاندان بەڵام بە سەفەویە دەڵێن خاندان و بۆ ئەوەی کە ئەردەڵانەکان وەکوو سەفەویەکان لە بازنەێیکی پیرۆز هەڵقوڵاون، پێیان دەڵێن خاندان. ئەردەڵانەکان بە تایبەت شارستانیەتیان هەر لە سەرەتاوە بووە و لە بنەماڵەیێکی پیرۆز هەڵقوڵاون و خێڵەکانی کوردیش چوار دەوری ئەوانیان گرتووە بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتی خۆیان بپارێزن هەر بۆ ئەوەیە کە دەبێ وەک سەفەویەکان چاولە میرەکانی ئەردەڵان بخەین. ئێمە ئەگەر لە بواری مێژووییەوە بۆی بڕوانین، لە ئێراندا 4 بەشی مێژووییمان هەیە. یەکیان پێش ئیسلام. دووهەم دوای ئیسلام تا سەرەتای سەدەی حەوت. سێهەم سەدەی حەوت تا 10 و کۆتاییش سەدەی 10 بەرەو ئەملاوە. ئەگەر مێژووی پێش ئیسلام لێک بدەینەوە، دەبینین کە هەموو شارەکان سەرەتایان ئەرواتەوە بۆ پاشاکان. یاسای شارەکان پاشاکان دایان ناوە. لە سەردەمی ئیسلامەکان ئەوانە کە مێژویان نووسیوە یا ڕەوتی ئیسلامی بوونی شارەکانیان نووسیوە یا بۆ ئەوەیە کە موسوڵمانێک بنیادی شارێکی نابێت و زۆربەی پیاوچاکانی ئەو شارە دەناسێنن. لە سەرەتای سەدەی حەوت کە موغولەکان و تورکەکان دێن و ئەم ناوچە داگیر دەکەن، ئەو مێژوانە کە نووسراوە دەبچڕێن و مێژوو بە تەواوەتی دەبێ بە میژووی ئێڵایەتی و خێڵایەتی بەڵام لە سەردەمی سەفەویەکاندا کە هەوڵیان دا بابەتی شارستانییەت و خێڵایەتی لە دڵی یەکتردا ئاشتی بدەن، بوون بە دوو دەستە. بەشێکیان مێژووی ئێڵات و خێڵاتەکانیان نووسی وەک شەرەفخانی بدلیسی، تەنیا میرگەلێک کە توانیویانە مێژووی تۆمار کراوی ڕێک و پێکیان ببێت، هەر ئەردەڵانەکان بوون. لە هیچکام لە ئەو ئێڵات و خێڵات و سەرانە کە ناویان لە شەرەفنامە هاتووە، مێژوویێکی ڕوونمان بە دەستەوە نیە کە چیان پێ هات و ئێڵایەتیان چی بە سەر هات. لە ئەو 4 ئیالەتە واتا کوردستان، گورجستان، لوڕستان و عەرەبستان کە لە سەردەمی سەفەویە دا دروست بوون، تەنیا میرەکانی ئەردەڵان توانیان ببن بە ساحیبی مێژوو و هاوکات لە گەڵ شۆڕشی گەورەی فەڕانسە لە ساڵی 1789 ئەمانوڵاخانی ئەردەڵان دەستووری دا کە (زبده التواریخ سنندجی) بنووسریت و ئیمە قەرزداری ماموستا حیرەت سەجادین بۆ ئەوەی کە ئەم مێژووەی گەیاندە کوردستان و ئێمە دەستمان پێ گەیشت.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەو مێژوویە ئەمەیە کە مێژووی ناوچەی کوردستانی ئەردەلانی پێوەند داوە بە میژووی گشتی واتا ڕووبارێکی پێوەند داوە بە ئوقیانووسەوە. ئەو میژووە تەنیا میژوویێکە کە خیڵاتی بە سەر شارستانیەت زاڵ نەبووە بەڵکوو شارستانییەتی بە سەر خێڵایەتی زاڵ بووە و ئاوەها مێژوویێکمان نە لە فارس و نە لە شیراز و ئیسفەهان نەبووە. (زبده التواریخ سنندجی) تەنیا بەشە کوردیەکەی لە چاپ دراوە و دیکەی بەشەکانی دەستی ئێمە نەکەوتوە.

دوای ئەوەش مێژوو نووسەکانی ئەردەڵان بە ئەرکی خۆیان زانیوە بۆ ئەو سەردەمە مێژو بنووسن. ئەم کارەش بۆ خۆنواندن و ناساندنی میرەکان بە خەلکی نەبووە بەڵکوو بۆ تۆمار کردن و ئاگادار کردنەوەی خەڵک لە بابەتەکانی سیاسی و ئابووری ناوچەکە بووە. نووسینی ئەم مێژووە ڕێک و پێکە قەرزداری کاری ئەمانوڵا خانی ئەردەڵان بووە کە لە سەرەتای دەسەڵات داری خۆی لە 1214 کردوویەتی. ئەگەر بگەڕینەوە بۆ بنەمای شارستانیەتی سنە، هەموو شارەکانی چوار دەوری ئەو، وەکو سنەی ئەردەڵان نەبوون و ئەم شارە پیلانی شارستانیەتی لە ئیسفەهان وەرگرتووە کە لەو سەردەمەدا نموونە بوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام کرماشان و ئیلام و لوڕستان کە لە باری تەمەنەوە لە سنە نوێترن، پیلانی شارستانیەتیان لە تاران گیراوە. تەنانەت خۆشنووسەکانی شاری سنەش لە شێوازی ئیسفەهانی کەڵک وەردەگرن بۆ نووسین. هەروەها پێوەندی ئابووری و ڕامیاری سنە لە گەڵ ئیستەمبول بۆتە هۆی ئەوەی خەتی سوڵس کە لەو سەردەمە لە هیچکوێ ئێراندا باو نەبو، لە سنە باو ببێت.

ئەمانە هەموو لە سەردەمی غوڵامشاخان یەکێک لەو بلیمەتە ڕۆشنبیرە نوێخوازانە بووە کە بەداخەوە کەم ئاوڕیان لێ داوەتەوە. غوڵامشاخان هۆگری ئەدەبیات بوو و یەکەمین شاعیری کوردە کە بە زمانی سنەیی شیعری وتووە و یەکەمین میری ئەردەڵانە کە بە هەورامی شیعری وتووە. لە سەردەمی ئەودا شاعیران ئازادن هەستی خۆیان دەربڕن.

ڕەوڵی دارولئیحسان لە گەشەی ئەدەب و فەرهەنگی ئەو سەردەمەی سنە حاشا هەڵنەگرە بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هیچ ئەهلی قەڵەمێک قەڵەمی هەڵ نەگرت و بۆ دارولئیحسان بنووسێت کە ناوەندی وت و وێژی دینەکان و بنەمای وت و وێژ و دیالوگ بوو.

لە درێژەدا پەیامی فەلەکەدین کاکەیی، وەزیری پێشووی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن هەورامان بەهرامییەوە خوێنرایەوە.

پاشان پانێلی یەکەم بە سەرۆک پانێلی ماموستا عوسمان دەشتی لە سەر ڕەچەڵەک ناسی وشەی ئەردەڵان بە بەشداری یەدوڵا ڕەوشەن ئەردەڵان، جەلال سدێق تەوفێق و کەیوان ئازاد ئەنوەر دەستی پێ کرد.

یەدوڵا ڕەوشەن ئەردەڵان، دەبیری بنەماڵەی ئەردەڵانیش وتارێکی سەبارەت بە گرینگایەتی مێژوو پێشکەش کرد کە داگری ئەم باسانە بوو:

مێژووی هەر هۆز و نەتەوەیێک لە لایەن هەر کەسێکەوە بنووسرێت، مێژووی یەکە یەکەی ئەو نەتەوەیە و پاراستنی ئەم مێژوویە ئەبێ بە ئەرکێکی سەرەکی بزانرێت و بپارێزرێت. بە پێ ئەم باسە مێژووی ئەردەڵان نەک هەر تەنیا مێژووی بنەماڵەیێک بە ناوی ئەردەڵان بەڵکوو مێژووی هەموو کۆمەڵگای کورد و ئێرانیە.

دانەری ئەم مێژوویە بابا ئەردەڵانە کە لەو کاتەوە تا ئێستا، لەم ماوە دوور و درێژەدا، مێژووی باپیرانی کورد بە دەگمەن لە ژێر خۆڵەمێشی مێژوو ماوەتەوە و ئەمەش یەکەم جارە کە بە شێوەیێکی ڕاشکاوانە و گشت گیر خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و هەر بەم بۆنەوە وەکوو دەبیری خانەدانی ئەردەڵان سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بۆ بەڕێوە بردنی ئەم کۆڕە تووشی زەحمەت بوون.

ئاخێزگەی ئەردەڵانەکان بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە کە هەر لە هیند و سیستان و بەلووچستان و عیراق و هەموو باکوور و باشوور لە ژێر دەسەڵاتی سەلجووقیەکان بوو. لەم ساڵانە تاکوو ساڵی 478ی کۆچی مانگی حکوومەتە سەربەخۆەکانی شەدادیان، مەروانیان. حسنوویە. ئالی بوویە و ... هەموو کەوتنە ژێر دەسەڵاتی سەلجووقیەکان. خەڵکی کورد و عەرەب و فارس و دیکەی هۆز و ڕەگەزەکان جگە لە تورکمانەکان دەبوا باجیان بدایا یان پێڕەویان بکردایا یان دواهەمین چاریان هەڵاتن بوو.

شا مەنسوور دواهەمین پاشای مەروانی لە شەڕ لە گەڵ سەلجووقیەکان کوژرا و شازادەکانی مەروانی لە ترسی سەلجووقیەکان بە شێوەی نهێنی لە ناو کوردەکاندا دەژیان. سەلجووقیەکان بە گرتنی شار و بەندەرەکانی بیزانس، شوڕشی سەلیبییان بە ماوەی 491 تاکوو 689 بە سەر رۆژهەڵاتی ناوین دا سەپاند کە لە درێژەی دا بیزانس لە ناو چوو.

لەم سەردەمە و لە دۆخێکدا کە هەموو ڕووداوەکان بە شێوەیێک هەواڵی کۆتایی کوردەکانیان دەدا و سەردەمی تورکمان دەستی پێ کردبوو، بە مەودایێکی کورت پاش لە ناو چوونی مەروانیەکان و کوشتنی شا مەنسوور، یەکێک لە نەوەکانی شا مەنسوور بە ناوی خەسرەو لە دیاربەکرەوە کۆچی کرد بۆ نێو هۆزی گۆران و لە ساڵی 564ی کۆچی مانگی بە یارمەتی گورانەکان، حکوومەتی خۆی لە پاڵنگان بنیات نا. سەرەتا پاڵنگانیان داگیر کرد و لە درێژەش کێوەکانی هەورامان. جێگرەکانی ئەویش قەڵاکانی مەریوان، حەسەن ئاوا و سنەیان بنیات نا.

بابا ئەردەڵان کەسایەتیێکی گرینگ لە مێژووی ئەردەڵان دایە و نەک هەر تەنیا ڕێبەری مەعنەوی بووە بەڵکوو لە باری سیاسیشەوە خەڵکی ڕێنوێنی دەکرد و میر شەرەفخانی بدلیسی لە کتێبەکەی خۆیدا و هەژاریش لە وەرگێڕانی ئەو کتێبەدا سەبارەت بە ڕەگەزی بابا ئەردەڵان بەم ئاکامە گەیشتن کە ئەو لە ڕێگای دواهەمین پاشای مەروانی، شا مەنسوور و ئەحمەد کوڕی مەروان و ... دەگەڕێتەوە سەر قوباد، پاشای ساسانی.

حکوومەتی ئەردەڵان سەرەڕای دابەزین و بەرز بوونەوەی زۆر تا ساڵی 1284 پشتیوانیان لە سنوورەکانی وڵات کرد و لە کۆتاییش دا ئەم وڵاتەیان دایە دەستی باو و باپیرانی ئێمە.

لە سەدەی 19ی زایینی بزووتنەوەی جیایی خوازی و سەربەخۆیی خوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کرد و ئیمپراتوری عوسمانی هەموو دەسەڵاتگەکانی خۆی لە میسر و باکووری ئەفریقا لە دەست دا. ئینگلیزیەکان لە ڕێگای میسر و هیندووستانەوە سپای خۆیان دژ بە عوسمانیەکان هەناردە دەکرد و هەموو ئەم ڕووداوانە لە گۆڕانی ڕواڵەتی رۆژهەڵاتی ناوین هەواڵی دەدا. لەم بارودۆخەش دا حکوومەتی قاجاڕ بۆ مانەوە و بەردەوامی خۆی تێدەکۆشا و هەر بەم بۆنەوە حکوومەتی ئەردەڵانی لە ناو برد.

وشەی ئەردەڵان لە دوو بەشی ئەرد و ئالان پیک هاتووە کە ئەرد بە واتای خاک و وڵات و ئالانیش ناوی تیرەیێکی گەورەی ئاریاییە کە ناویان لە سەدەی یەکەمی زایینی دەرکەوت.

وتاری دووهەمی ئەم پەنێلە لە لایەن زەرار سدێق تەوفێقەوە بە ناوی سەرهەڵدانی میرنشینی ئەردەڵان بە خوێندنەوەیێکی نوێ، پێشکەش کرد کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو:

لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد کارێکی زۆر زەحمەتە چوونکوو ئێمەی کورد هوشیاری مێژووییمان نەبوە و ئاوڕمان لە مێژووی خۆمان نەداوەتەوە بۆیە هەموو کارەکانمان لاوازن و ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مێژوومان نیە.

دەیان میرنشینی کوردمان بووە بەڵام هیچیان بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە مێژووی خۆیان بنووسن. جگە لە میرنشینی ئەردەڵان لە سەدەی 19 میرنشینی زۆرمان هەیە کە سەدان و هەزاران دیناریان بۆ شتانیتر خەرج کردووە بەڵام هەوڵیان نەداوە بۆ نووسینی مێژووی بنەماڵەکەی خۆیان.

مێژوونووسێک دەڵێت: بنەماڵەی ئەردەڵان پێیان وایە کە بزووتنەوەی مێژوونووسی لە میرنشینی ئەردەڵانەوە دەستی پێ کرد. ئەمە شتێکی باشە بەڵام سەبارەت بە ناسنامەی بابا ئەردەڵان شتی ناڕاستی زۆری تێدایە. جا کە مێژوونووسێک شتی ڕاست و ناڕاست تێکەڵ بکات، خوێنەر وا تێ دەگات کە ڕاستیەکانیش هەر ناڕاستن.

هەندێ زانیاری ورد لە مێژوونووسانی ئەردەڵان هەیە کە لە گەڵ مێژوونووسانی سەردەمی بابا ئەردەڵان یەک دەگرنەوە. شەرەفخان پێ وایە بابا ئەردەڵان کە ناوی خەسرەوە، هاوسەردەمی چەنگیزخان بووە بەڵام بە ڕای من میرنشینی ئەردەڵان لە ساڵی 564 درووست بووە نەک لە سەردەمی چەنگیزخان چون حکوومەتی چەنگیزخان لە سەدەی شەشی کۆچی و کۆتایی دەسەڵاتی سەلجووقی دروست بووە.

بابا یان بەبە بەشێکە لە هۆزی گۆران و بابا ئەردەڵانیش ئەگەر گۆران نەبووبێت، تێکەڵی ئەوان بووە. ئەردەڵان لە ناوخۆی کوردان بە ئەردەڵان ناسراوە و لە سەرچاوە فارسی و عەرەبیەکاندا بە ناوی کوردستان هاتووە.

دوکتۆر ئازاد ئەنوەر لە دیکەی وتاربێژانی ئەم پەنێلە بوو کە سەبارەت بە مێژووی دەرکەوتنی ئەردەڵان و پێوەندییان بە بنەماڵەی مغولەوە بەم شێوەیە باس دەکات:

ئەردەڵانەکان یەکێک لە بنەماڵە گرینگەکانی مێژووی کوردن کە تا ئێستا بە داخەوە کەس نەیتوانیوە بڕواتە ناخی زاراوە و مێژوویان و لێکی بداتەوە.

بەشێک لە مێژوونووسانی عەرەب، ئەردەڵان دەگەڕێننەوە بۆ بنەماڵەی ساسانیەکان بەڵام من پێم وایە ئەمە هەڵەیە و ئەمەش بە بەڵگە دەردەخەم. ساسانیەکان ڕەوڵی بەرچاویان لە مێژووی وڵاتی ئێران هەیە بەڵام مێژووی ئەردەڵان بۆ ئەوان ناگەڕێتەوە و هیچ سەرچاوەیێک بۆ سەلماندنی ئەم باسە نیە. تەنانەت مەستوورە و میر شەرەف خانیش ئاماژە بەوە ناکەن کە بابا ئەردەڵان کەی دەردەکەوێت.

هەندێ کەس پێیان وایە بابا وشەیێکی کۆنی یارسانیە و من بۆ خۆم لە گەڵ ئەوە هاوڕام. کەسایەتی بابا ئەردەڵان کەسایەتیێکی مێژووییە لە ناوچەی شارەزوور و ئەبێتە فەرمانڕەوای ئەم ناوچە. سەلاحەدین پشتیوانی لە دەسەڵاتی بابا ئەردەڵان لە شارەزوور دەکات. ئەم کەسایەتییە ساڵی 564 ئەبێتە میری میرنشینی ئەردەڵان. لە بابا ئەردەڵانەوە تا ئەمانوڵاخان کە دواهەمین میر بووە و دەگاتە ساڵی 1162، ئەردەڵان ئەبێتە یەکەم میرنشین کە لە مێژووی کورددا، کە 7 سەدە فەرمانڕەوایی کردووە. لە مێژووی کۆنەوە هەتا ئەمڕۆش هیچ میرنشینێ ئەوەندە تەمەنی نەبووە.

پاش پێشکەش کردنی وتارەکان، پەنێلەکە بە پرسیار و وڵامی ئامادەبووان کۆتایی هات.

پەنێلی دووهەم بە سەرۆک پەنێلی دوکتۆر ئەحمەد پارسا و بەشداری مووسا پەرنیان، محەمەد ئەحمەد سەعید و دوکتۆر بەختیار سەجادی بەڕێوە چوو.

سەرەتا مووسا پەرنیان بابەتی خۆی لە سەر شین گێڕی لە شیعری مەستوورەی ئەردەڵان پێشکەش کرد کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو:

یەکەمین هۆنراوەکانی ئەدەبی کوردی کە بە زمانی گۆرانی وتراون، باسی ئایین و عیرفان دەکات و پڕ ڕەمز و ڕازە. لە سەدەی سێهەم تاکوو نیوەکانی سەدەی هەشتەمی کۆچی، زۆربەی هۆنراوەکان هەر بەم شێوە بون و دەکرێ ئاماژە بکەین بۆ هۆنراوەکانی مەلا پەرێشان شاعیری سەدەی 9 کە شین گێڕی بۆ ئیمام حسەین نووسیوە.

بە سەرنج دان بەوەی کە لە عیرفان دا بڕوا وایە کە مردن کۆتایی ژیان نیە و تەنیا پردێکە بۆ دەسپێکی ژیانێکی تر و شین گێڕی بۆ کەسێکی لە دەست چوو، لە گەڵ عیرفان یەک ناگرنەوە، شین گێڕی لە ئەدەبی کوردیدا لە خزمەتی عیرفان بووە و دێرتر خۆی نواندووە.

شین گێڕی لە ئەدەبی کوردیدا چەند ژێربەشی هەیە یەکەم شین گێڕی بۆ خزم و دۆستان کە بەرهەمی زۆربەی شاعیران لەم بارەوە بە زاراوەی گۆرانی، فەیلی و کەلهوڕی نووسراوە. یەکێک لەوانە شین گێڕی بۆ منداڵە وەکوو بەرهەمی غوڵامڕەزاخانی ئەرکەوازی. ئەو یەکێک لە یەکەمین شیننامە نووسەکانی کوردە کە بەرهەمە نووسراوەکانی هەر ماوە و دیوانەکەشی بە تێکۆشانی زاهیر سارایی کۆ کراوەتەوە. میرزا شەفێع، ئەڵماس خان کەنووڵەیی، میرزا سەفەرەدین و ... لە دیکەی ئەو شیننامە نووسانەی کوردن.

جگە لەمە شینگێڕی فەلسەفیشمان هەیە لە زمانی کوردیدا کە بە شیوازێکی فەلسەفی بە تایبەت باسی مردن دەکات.

ماشەرەف خانم ناسراو بە مەستوورە لە ساڵی 1220ی کۆچی مانگی لە دایک بووە و لە ساڵی 1264 کۆچی دوایی کردووە. چەند شیننامەی نووسیوە کە لە تایبەتمەندیەکانی ئەوە دەکرێ ئاماژە بکەین بۆ باسی جوانیەکانی سروشت و بەهار کە لەم بارەوە جیاوازی زۆری لە گەڵ شیننامە نووسی فارسی هەیە. ئەو تێکۆشاوە بە هەست و نەستی زۆرەوە دەنگی خۆی تێکەڵی دەنگی سروشت بکات و هەر ئەم هاودەنگیەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم شیعرانەی ڕەنگدانەوەی زۆری ببێت.

ڕەنگە هۆکاری نەبوونی شیننامە نووسی کوردی لە سەدەکانی سێهەم تا نۆهەمی کۆچی، ناوەرۆکی عیرفانی شیعرەکان بێت چوونکو هەروا کە باس کرا، لە عیرفان دا دەڵێن مەرگ کۆتایی ژیان نیە.

لە ناو کوردان شیننامە نووسی بۆ شا و فەرمانڕەوامان نیە و زۆرتر بۆ شینی خزم و منداڵ و دۆستان  نووسراوە و ئەوەندە بە سۆزیش نووسراون کە ڕەنگە نموونەیان لە زمانەکانیتر کەم بیت.

پاشان محەممەد ئەحمەد سەعید وتاری خۆی سەبارەت بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لە میرنشینی ئەردەڵان پێشکەش کرد کە کورتەی باسەکەی بەم شێوەیە:

لە قۆناغی میرنشینی ئەردەڵان واتا لە پێتەختی ئەردەڵان فەرمانڕەوایانی میرنشینەکە وێڕای ململانێ و ناکۆکی ناوخۆییانە، هەندێکیان بایەخی زۆریان بە شارستانیەت و کەلتوور و ئەدەبی کوردی داوە و توانیویانە پێتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری بەرەوپێش بەرن.

هەندێ لەو میرانە توانیویانە بایەخ بە لایەنە جۆربەجۆرەکانی شارستانیەت لە بواری ئایینی و فەرهەنگی و ... بدەن.

لەم وتارە دوو دەسنووسی عەبدوڵا ڕەونەق و محەممەد ئەمین کاردۆخی بەراوەرد دەکرێت.

دەسنووسی میرزا عەبدوڵا ڕەونەق بریتیە لە 5 بەش بە شێوەیێکی ڕێک و پێک و وردبینانە و ناوەرۆکەکەی دابەش کردووە بە ئەم بەشانە: یەکەم باسی شاری سنە و بارودۆخی دەوروبەری ئەو شارە دەکات. دووهەم باس لە خەسرەو خانی والی و بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکانی دەکات. سێهەم باس لە ژیان و بە سەرهاتی شاعیرانی سنە و دەووبەری. چوارەم باس لە ژیان و بە سەرهاتی ژنە شاعیری بەناوبانگ مەستوورە و پێنجەم باسی ژیان و بەسەرهاتی نووسەری دەسنووسەکە واتا میرزا عەبدوڵا ڕەونەق دەکات.

وا دیارە کە ئەم بەرهەمە لە سەر داواکاری خەسرەوخان نووسرابێت و هەر بەو ناوە ناویان ناوە حەدیقەی خوسرەوی کە بە هۆی کۆچ کردنی خەسرەو خانەوە، ڕەونەق دەستی لێ هەڵئەگرێت بەڵام دوای ئەوەی گەڕانەوە، ئەمانوڵاخانی والی دەچێتە سەر تەخت و ئەبێتەوالی سنە و دیسان لە سەر داوای ئەو دەستی پێ دەکات و تەواوی ئەکات و ناوی دەنێت حەدیقەی ئەمانوڵاهی. کەواتە ئەم دەسنووسە، شێوە دەسنووسێکی تری هەیە بە ناوی حەدیقەی ئەمانوڵاهی بە هەندێ جیاوازی و زیاد کردن بە ناوەرۆکەکەی.

کتێبی حەدیقەی ئەمانوڵاهی 11 ساڵ دوای کتێبی حەدیقەی خوسرەوی نووسراوە و ئێساتش لە کتێبخانەی مۆزەخانەی بەغدا هەیە و حەدیقەی ئەمانوڵاهیش لە کتێبخانەی مۆزەخانەی بریتانیا دایە.

سەدەی 19 سەردەمی بووژانەوە و چەکەرەکردنی بابەتی ئەدەبی و زانیاری بووە و نوێ کردنەوەی ئەدەبیات پەرەی سەندووە و لەم کاتەشدا ڕەونەق نەیتوانیوە دەستەوئەژنۆ دابنیشێت و بەرهەمەکانی کۆ کردوتەوە. ئەم دوو بەرهەمە واتا حەدیقەی خوسرەوی و ئەمانوڵاهی و وەرگێڕانی کاردۆخی ئەمە نیشان دەدات کە لە سەدەی 19 لە وڵاتی ئەردەڵاندا بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە و یەکێک بە ناوی ڕەونەق بووە و توانیویە بەشێک لەو شاعیرانە کۆ بکاتەوە و بە شێوەی زانستییانە لە سەریان بدوێت. بە جۆرێک دەتوانین بڵین بەرهەمێکی مێژوویی ئەو قوناغە کە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئەدەبی، ڕۆشنبیری و مێژوویی ئەو قۆناغەیە، ڕەونەق هێناویەتە بەرهەم.

بەختیار سەجادی دواهەمین بەشداربووی پەنێلەکە لە سەر شێوازناسی بەرهەمە ئەدەبیەکانی سەردەمی ئەردەڵانەکان بەم شێوەیە باس دەکات:

ئەردەڵانەکان وەکوو بنەماڵەیێکی فرە لق و پۆ لە ڕۆژئاوای ئێران لە سەدەی 7 تا 12 بەردەوام لە ئاڵۆزدا بووە لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ئێران. هەندێ جار بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندی بووە و هەندێ جاریش بە شێوەیێکی سەربەخۆ حوکمڕانیان کردووە.

لە دوو سەدەی کۆتایی سەردەمی دەسەڵاتیاندا واتا لە ناوەڕاستی سەدەی 11 تا ناوەڕاستی سەدەی 13ی هەتاوی کە ناوەندی ئەم دەسەڵاتە بە تایبەت لە ناوچەی سنەدا کۆ کرابووەوە، نەریتێکی ئەدەبی قورس و قایم سەری هەڵدا و پاشان بە خێرایی ڕووی لە گەشە و پەرەسەندن کرد.

گەرچی تا پێش سەدەی یازدەهەم چاومان بە گەلێک بەرهەمی ئەدەبی ناوازە دەکەوێت کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەردەڵاندا هاتوونەتە بەرهەم بەڵام ئەمە بەڕاستی لە ناوەڕاستی سەدەی یازدەهەمەوە بوو کە لە لاێیکەوە سونەتێکی ئەدەبی قورس و قایم دامەزرا و لە لاێیکیتریشەوە زاراەی هەورامی یا گۆرانی بوو بە زمانی ئەدەبی ئەو ناوچانە بە شێوەێیک کە نە تەنیا لە دەقە ئەدەبیەکاندا بەڵکوو تەنانەت لە نامە و کاریش دا بۆ ماوەێیکی کورت لە دەم و دەزگای دیوان بە کار هێنرا.

شێواز لە مانا تایبەتیەکەی دا بەو پۆلە ئەدەبیە جیاجیایانە دەوترێ کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەدەبی فارسی تا سەدەی 13 وەکوو پۆلێکی هاوچەشن و هاوشێوە لە سەر دەستی چەندین شاعیری گەورەی ئەدەبی فارسی هاتوونەتە نووسین.

شێواز بە مانا گشتیەکەی لە ئەدەبی فارسیدا دەتوانێ بۆ ڕەخنەکاری شاعیر و نووسەر و تەنانەت دەرهێنەری فیلم و هونەرمەندانی شێوەکاریش سوودی لێ وەربگیرێت. لێرەدا مەبەست لە تێگەیشتنی شێواز ڕەخنە گرتن لە بەرهەمە جیاجیاکان وەکوو فورم و بنەما و جۆری هەڵبژاردنی وشەکانە.

لە ئەدەبی کەردیدا شێواز تایبەتمەندیە فورمیەکانی بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەریە هەر بۆیەش لە ئەدەبی کوردیدا شێواز زیاتر پیشاندەری خەسڵەتە یان شێوازناسی بریتیە لە پیشان دان و دەرخستنی تایبەتمەندیە فورمی و شێوەییەکانی بەرهەمێکی ئەدەبی چ لە ڕووی هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەکانەوە چ لە ڕووی بابەتی بەر باسی ئەو بەرهەمەوە و چ لە ڕووی شێوازی ڕستەسازی و داڕشتنی ڕستەکانەوە. هەروەهاش شیوازناسی خوێندنەوەی جۆری بنەمای ڕستەکان و تەنانەت قاڵبی ئەدەبی دیاری کراوی و سەرجەم مۆرکە گشتیەکانی ئەو بەرهەمانە.

لە لاێیکیترەوە زاراوەی ڕێباز لە زمان و ئەدەبی کوردیدا زیاتر هەڵگری دوو مانای جیاوازە. ئەم زاراوە لە لاێیکەوە لەو باسانە بە کار دەبرێت کە پێوەندیان بە سوفیزم و تەریقەتەوە هەیە. زاراوەی ڕێباز بۆ ئەم کارە زاراوەێیکی فرەپاتە وەک چۆن ئەوترێ ڕێبازی قادری و نەقشی. ڕێباز لە مانای دووهەمی خۆیدا سەرجەم ئەو شێوە و ڕێگە و تەنانەت مێتودە جیاجیایانە دەگرێتەوە کە لە بەرهەمە جیاجیاکاندا بە کار دەبرێت هەر بۆیە بە کار هێنانی ئەم زاراوەیە بۆ دەست نیشان کردنی کۆی بەرهەمە ئەدەبیەکانی سەردەمی ئەردەڵان دانراون.

ڕاستە لە کوردیدا ڕێبازی ئەدەبیمان هەیە بەڵام دەبێ بوترێ کە ڕێبازی ئەدەبی و قوتابخانەی ئەدەبی جیاوازن و هەرکامیان پێناسە و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.

بە کار هێنانی زاراوەی قوتابخانە بۆ بەرهەمی ئەدەبی یا هونەری لە ئەدەب ناسی و ڕەخنەی هونەریدا خۆی لە خۆیدا دیاردەێیکی مودێڕنە بە واتاێیکیتر تەنانەت لە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەدەبی ڕۆژئاواییش تا پێش سەدەی17 ڕووبەڕووی هیچ قوتابخانەێیکی ئەدەبی و ئایینی نابینەوە. جگە لەمەش قوتابخانە ئەدەبیەکانیش لە ڕۆژئاوا گرێ دراون بە فەلسەفە و لایەنە جیاجیا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانەوە. کەواتە ئەم زاراوە ناتوانێ دەربڕی ئەو بەرهەمانە بێت کە لە سەردەمی ئەردەڵانەکاندا نووسراون.

لەم وتارەدا لە نێو ئەو زاراوانەی کە بۆ دیاری کردنی هاوچەشنی و هاوشێوەیی شێوازناسانەی بەرهەمە ئەدەبیەکانی سەردەمی ئەردەڵان دێن، لە زاراوەی نەریتی ئەدەبی کەڵک وەرگیراوە. ئەمەش ئەو نەریتەیە کە زۆربەی هەرە زۆری شاعیرانی ئەو سەردەمە پێڕەوییان کردووە. ئەم نەریتە ئەدەبیە بە شێوەی بەربڵاو لە سەدەی 11ی کۆچی و لە بەرهەمی بێسارانی ڕەنگی داوەتەوە پاشان خانای قوبادی لە سەدەی 12 پەرەی پێدا و لە سەدەی 13 لە سەر دەستی مەولەوی و مەستوورە گەیشتووتە لووتکەی بەرزی هونەری خۆی.

بەکار هێنانی دەستەواژەی شێوازی ئەردەڵانی بە مەبەستی دەست نیشان کردنی ئەو بەرهەمانەی لەو سەردەمەدا دانراون هەڵەیە چونکە ئەو بەرهەمانە لە یەک شێواز پێڕەوی ناکەن. کەواتە دەکرێ بڵێین کە لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبی کوردی پێش سەدەی هاوچەرخ ڕووبەڕووی چەندین نەریتی ئەدەبی جیاواز ئەبینەوە وەک نەریتی ئەدەبی بابانەکان، خالیدیەکان و ... لە باری هەڵبژاردنی وشەکانەوە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان نەریتی ئەدەبی ئەردەڵانەکان و نەریتی ئەدەبی بابانەکان بە شێوەێیک کە لە لای ئەردەڵانەکان وشەی فارسی زۆر بەکار هاتووە بەڵام لە نەریتی بابان، وشەکان زۆرتر عەرەبین.

قاڵبی ئەدەبی زاڵ لای ئەردەڵانەکان زیاتر جووت سەروایە کەچی لە نەریتی بابان، قاڵبی زاڵ غەزەڵە. ئێمە ئەتوانین چەند جیاوازی لە نێوان ئەم دوو نەریتە ئەدەبیە ناو ببەین کە هەرکام لەوانە خاوەنی مۆرکی شێوازناسانەی خۆیانن وەکوو کێش، فرەپاتی وشەکان، قاڵبی ئەدەبی، سەروا و ...

پاش وتارەکەی دوکتۆر سەجادی، پرسیار لە لایەن ئامادەبووانەوە ئاراستە کرا و ماموستایان جوابیان دایەوە.

پەنێلی سێهەم بە سەرۆک پەنێلی جەماڵ ئەحمەدی ئایین و بەشداری ڕزگار..... ، ڕووحوڵا مەرامی، پەرەستوو موزەفەری و نەسرۆڵا پوورمحەممەدی بەڕێوە چوو.

سەرەتا نەسڕۆڵا پوور محەممەدی وتارێکی لە سەر پێوەندیەکانی خانەدانی ئەردەڵان لە گەڵ خانەدانی سەفەوی پێشکەش کرد کە بە کورتی داگری ئەم باسانەی خوارەوە بوو:

سەردەمی شا تەهماسب و سەردەمی شا عەباس، شۆڕش و قەیران لە ئێران زۆر بووە و پێوەندیێکی ئەوتۆ لە نێوان بنەماڵەی ئەردەڵان و دەسەڵتی سەفەوی نابینرێ بەڵام لەو کاتە کە تەیموورخان دەبێتە والی کوردستان، پێوەندیهایێکی کەم و کورت دروست دەبێت بەڵام بە هاتنی هەڵۆخان ئەردەڵانەکان زۆرتر بەرەولای سەفەویەکان چوون. شا عەباسی سەفەوی پێ خۆش بوو پێوەندیەکانی لە گەڵ ئەردەڵانەکان پتەوتر بکات لە بەر ئەوەی ئەگەر پێوەندی لە گەڵ ئەوان نەبووایا کێشەی زۆری بۆ دروست دەبوو.کوردستان توانی ئەم پێوەندیانە تاکوو حکوومەتی سەفەوی بپارێزیت بەڵام دواتر گواستنەوەی دەسەڵات لە بنەماڵەی ئەردەڵان بوو بە هۆی گواستنەوەی جوغرافیایی و حکوومەت لە ئەسەدئاباد گەیشتە سنە.

ئەمڕۆکانە بۆ لێکدانەوەی بابەتی سیاسی و ئابووری سەردەمی سەفەوی، لێکۆڵەران سەردەمی شا عەباس وەکوو هێمای سەردەمی سەفەوی چاو لێ دەکەن. مێژوو ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەردەڵانەکان دەوری گرینگیان لە گەشە کردنی حکوومەتی سەفەوی گێڕاوە. پەرتەوازە بوونی کوردەکانی ئێران لە کوردستان تاکوو ئەلبورز بابەتێکی گرینگە بۆ سەلماندنی هاوکاری کوردانی ئێران لە گەڵ حکوومەتی سەفەوی.

پاشان ڕوحوڵا مەرامی و پەرەستوو موزەفەری بە شێوەی هاوبەش وتارێکیان سەبارەت بە پێوەندیەکانی نێوان حکوومەتی ئەردەڵان و عوسمانی بە ئەم باسانەوە پێشکەش کرد:

کوردستان لە باری مێژووییەوە یەکێک لە کۆنترین ناوەندەکانی ژیار و شارستانیەت لە ئێران دایە کە هەر لە پێشەوە تاکوو سەردەمی قاجاڕ وەکوو یەکێک لە گرینگترین ئیالەتەکانی ئێران لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری پێوەندی بووە و ڕەوڵێکی گرینگی لە پاراستنی شۆناسی ئێراندا بووە.

خانەکانی ئەردەڵان هەر لە سەرەتاوە تاکوو سەرهەڵدانی سەفەویەکان بە دەسەڵاتی خۆیان توانیان ناوچە ژێر دەسەڵاتەکانی خۆیان گەشە پێ بدەن بە شێوەیێک کە جگە لە کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران، دەستیان بە سەر هەندێ لە ناوەچەکانی کرماشان و هەمەدانیش گرت بەڵام لە سەرەتای سەدەی دەهەمی کۆچی مانگی و بەدوای پێکدادانی زۆری ئیمپراتووری ئێران و عوسمانی، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکتر بووەوە بەڵام لە سەردەمی سەفەویەکان بە 3 والی نشینی بە دەسەڵات، پێگەی سیاسی خۆی زۆر بەرز کردەوە.

والییەکانی ئەردەڵان وەکوو پایەبەرزترین کاربەدەستانی سیاسی و حکومی کە خاوەن دەسەڵاتی تایبەت بوون، دەوری تایبەتیشیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندی ئێران دەگێڕا. پاراستن و چاودێری کردنی والی نشینی ئەردەڵان و گەیاندنی خزمەتی سیاسی و سەربازی بە حکوومەتی ناوەندی و سنوورەکانی وڵات، تا هاتنی قاجاڕەکان درێژەی بوو.

درێژەدانی شەڕەکانی ئێران و عوسمانی لە سەردەمی قاجاڕ و ئاشکرا بوونی گرینگایەتی ناوچەی کوردستان و ڕەوڵی والییەکانی ئەردەڵان لە پاراستن سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران لە بەرانبەر دەس درێژییەکانی ئیمپراتووری عوسمانی، لە لایەن دەسەڵاتی عوسمانیەوە وەرزێکی نوێ لە پێوەندیەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لە گەڵ ئەردەڵانەکان دەستی پێ کرد.

سەردەمی قاجاڕ یەکێک لە گرینگترین سەردەمەکانی مێژووی ئێران دەژمێردرێ چوونکو پێکدادن و ڕێکابەری بۆ دەسەڵات لەم سەردەمە زۆر بوو. ئەوان بە پێ سیاسەتە ناوەندخوازانەکانیان، دەسەڵاتی هەموو والی نشینەکانیان کەم کردەوە کە ئەمەش لە چارەنووسی ئەردەڵانەکان کاریگەر بوو چونکوو حکوومەتی مەحەلی ئەردەڵان بەرپرسی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەوەییەکانی حکوومەتی ناوەندی لە ڕۆژئاوای وڵات بو.

پاشان ڕزگار مەفلووک، وتاری خۆی سەبارەت بە ڕەوڵی خاندانی ئەردەڵان لە گواستنەوەی دەسەڵات لە زەندیە بۆ قاجاڕیە پێشکەش کرد کە داگری ئەم باسانە بوو:

کاتێ کە دەسەڵاتی سیاسی لە زەندیە درا بە قاجاڕیەکان، هاوکات بوو لە گەڵ سەردەمی گەیشتنە لووتکەی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەردەڵانە.

بە دەست گرتنی دەسەڵات لە لایەن زەندیەکانەوە بنەماڵەی ئەردەڵانی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی تایبەت کردەوە. کەریم خانی زەند یەکەم کارێ کە دژی ئەردەڵانەکان کردی، ئاگردانی شاری سنە بوو و ئەم کارەش بوو بە هۆی پشت کردنی ئەردەڵانەکان لە زەندیە و هاتنیان بەرەولای قاجاڕەکان.

ڕۆژئاوای ئێران پاش مردنی کەریم خان تووشی قەیران بوو. حکومەتە مەحەلیەکان پاش مەرگی کەریم خان ناوەچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان پەرە پێدا. یەکەم هەنگاو لە لایەن ئەڵا قولی خانی زەنگەنەوە هەڵگیرا  و بۆ گەشەی ناوچەی سیاسی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە سپایێکی 20 هەزار نەفەریەوە هات بۆ کوردستان بەڵام خەسرەو خانی ئەردەڵان لە بەرانبەریدا وەستا و شکستی بە پیلانەکەی ئەڵا قولی خان هێنا.

ئەم شکستە بوو بە هۆی ئەوەی کرماشان، تویسرکان، ئەسەدئاوا، سونقوڕ و دینەوەر بێتە ژێر دەسەڵاتی خەسرەو خان و ئەمەش سەرەتای ڕەخنە کردنی خەسرەو خان لە ناوچە بوو. لەم سەردەمەدا خەسرەو خان بوو بە یەکێک لە گەورەترین دەسەڵات دارانی ڕۆژئاوای وڵات.

دوو دەسەلاتی گەورە لەم سەردەمەدا هەیە کە دەیانەوێ بێنە ناو گۆڕەپانی دەسەڵات. محەممەد خانی قاجاڕ و جەعفەرخانی زەند. ئەم دوو کەسە داوای ڕاژێری لە خەسرەو خان دەکەن کە ئەویش داواکاری محەممەدخانی قاجاڕ قبوڵ دەکات بەڵام جوابی بۆ داواکاریەکەی جەعفەرخانی زەند بانگهیشت کردنی بۆ شەڕە.

خەسرەو خان شکستی بە سپای جەعفەرخان هینا و ئەوی ئەسیر کرد و ناوچەهایێک وەکوو تویسرکان، گوڵپایگان و... ی هێنایە ژیر دەسەڵاتی خۆی.

پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی پێش مودێڕن کۆمەڵگایێک بوو کە لە سەر ئیلات دانرا بوو. لە سەردەمی قاجاڕەکان 60 ئیلی کوردی هەیە. کۆمەڵگای ئەو سەردەمە کۆمەڵگاێیکی سوننەتی بە داکۆکی لە سەر دێ نشینی، نەبوونی شاری گەورە و بە بێ ڕێگای پێوەندی بەربڵاو بوو.

زۆر بونی ئیلەکان لە کوردستان جۆرێک لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی ناوچەیی پێک هێنا بوو. بە هۆی شۆڕش و دژایەتی، کۆمەڵگای کوردی دەچێتە ژێر دەسەڵاتی خانێکی مەحەلیەوە. فرە بوونی هۆز و عەشیرەتەکان لە کوردستان پێداویستیێکی مێژوویی بوو چوونکو دەبووە هۆی ئەوەی کە خەسرەو خان نەچێتە نیو گۆڕەپانی سیاسەت.

ئەم پەنێلە بە پرسیاری ئامادە بووان و وڵام دانەوەی ماموستایان کۆتایی هات.

پەنێلی سێهەم بە سەرۆک پەنێلی مەنسوور ڕەحمانی و بە بەشداری ئیبراهیم ئەحمەد شوانی، فەرەیدوون نووری و عەدنان بەرزەنجی دەستی پێ کرد.

سەرەتا ئیبراهیم ئەحمەد شوانی وتاری خۆی لە سەر بیروباوەڕی ئایینی و شیعری سۆفیانە لە سەردەمی ئەردەڵانەکان بە جەخت لە سەر دیوانی مەلا پەریشانی دینەوەری پێشکەش کرد کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو:

مەلا پەریشان سۆفی تەریقەتی حرووفی بووە و ئەم ڕێبازە، گرووپێکی شیعەگەرییە کە فەزلوڵا ئەستەرئابادی لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی کۆچی دایمەزراندوە و پێی وابوە کە گەردوون هەمیشەییە و هەموو کات لە جووڵان دایە.

خودا مرۆڤی لە سەر شیوە و ڕووی خۆی خولقاندوە بەڵام حەدیسێک هاتووە کە ئەم بڕوا نەفی دەکاتەوە. حرووفیە چەند بۆچوونێکی نهێنی هەیە. فەزلوڵا لە تەمەنی 40 ساڵیدا واتای نهێنی پیتەکان و واتای نهێنی پێغەمبەرەکانی پێ گەیشت و کتێبی جاودان نامەی گەورەی نووسی. لەو ساڵەدا کە ئەمەی نووسی، خوایەتی لێ دەرکەوت کە میران شا هەر بەم تاوانە کوشتی.

بیرۆکەی سەرەکی لە نهێنیەکانی حرووفی ئەوەیە کە خودی خودا نابینرێت بۆیە لە وشە دەردەکەوێ و وشەش لە چەند دەنگ دەردیت و دەنگەکانیش لە پیت خۆیان دەبیننەوە. کۆی پیتەکانیش بریتیە لە تواناکانی خودا.

گەر سەیری دیوانەکەی مەلا پەریشان بکەین، چەندەها بەیتە شیعرمان دێتە بەرچاو کە پەیڕەوی حرووفیەتی کردووە و دەیەوێ لە ڕێگەی ڕەمزی حەرفەوە بۆچوونەکانی خۆی بەدەر بخات. مەلا پەریشان لە 4 بەیت دا ئەو سێ شتە کە فەزلوڵا بڕوای پێ بووە، دەری دەخات. هەر بەم پێیە دەتوانین  بڵیێن مەلا پەریشان سەر بە ڕێبازی حروفیە بوە.

بەڵگەی دووهەم لە سەر سۆفیگەری مەلا پەریشان، بە کار هێنانی کۆمەڵیک زاراوەی سۆفیانەیە بەڵام ئەو زاراوانەی کە بە کاری هێناوە، هەمووی لە شوینی خۆی نیە واتا لە هەندێ شوێن، شیعرەکە ئایینیە بەڵام زاراوەی تەسەوفی تێدایە. بەڵام لە هەندێ شوێنیتردا لە بەر ئەوەی کە شاعیر خۆی ئەهلی تەسەوفە، زاراوەکەش بە کار هاتووە.

مەلا نزیک بە 200 زاراوەی سۆفیگەری هەیە وەکو تەریقەت، حەقیقەت، ساقی، سەنا، تەوحید، تووبا، جەلال، زاهیر، باتن و ...

سۆفیان لە سۆفیگەریدا بەرەو دوو سەمتی جیاواز هەنگاو دەنن. یەکەم ئەو سۆفیانەی کە سەر بە شەریعەتن، دووهەم ئەوانەی سنووری شەریعەت دەبەزینن و بەرەو حلوول و یەکیەتی بوون دەڕۆن. مەلا پەریشان وەکوو شاعیرێکی سۆفی لەو سەمتەدا دێت و دەچێت واتا هەندێ جار سنوری شەریعەت نابەزێنیت و هەندێ جاریش دەیبەزێنێ.

پاشان فەرەیدوون نووری بە وتارێک لە سەر لێکدانەوەی مێژوونووسی لە بنەماڵەی ئەردەلانەکان ئەم باسانەی پێشکەش کرد:

کوردەکان بۆ مێژوونووسی ڕووبەڕووی چەند کێشە و قەیران بوون. گەورەترین کێشە کە لەم بوارەدا بوە، حەز نەکردنی کوردەکان بە خولقاندنی حەدەسی گەورە لە مێژووی خۆیدا یەکەم کێشە لە نووسینی مێژوو دایە.

خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان لە ساڵی 1026 کاتێ کە دەستی بە سەر بەگدا گرت، هونەری فەرماندهی بووە بەڵام هونەری ئیدارە کردنی نەبووە  و ئەمەش نەبوونی هزری حکوومەتگەری بووە.

میللەت و نەتەوەیێک کە خۆی مێژووی خۆی نەنووسێت، خەڵکانی دیکە بۆی دەنووسن و ناچار جلێکی بۆ دەدوورن کە شیاو و دەربڕی خەم و ئازارەکانی ئەوان نیە چوونکو ئەوان بە شێوەیێک مێژوو دەگێڕنەوە کە خۆیان دەیانەوێ.

ناوەندی دروست بونی ئەندیشە لە شارەکان دایە و تەنیا دو شاری کوردمان هەیە کە بە ئەندیشە و بە خواستی کوردەکان دروست بوە کە ئەویش شاری سنە ناوەندی ئەردەڵان و سلێمانی ناوەندی دەسەڵاتی بابانەکان بوون. بزووتنەوەی فەرهەنگی کوردەکان لە سەدەی 18 و 19 لە کوردستانی تورکیە بەرەو سلێمانی و سنەی ئەردەلان هاتووە.

ساڵی 1005 یەکەمین بەرهەمی میژوویی وەکوو ناسنامەی فەرهەنگی کوردەکان بە نووسینی میر شەرەفخانی بدلیسی لە دایک دەبێت و دەکرێ شەرەفخان بە هێرۆدۆتی کوردستان ناو بەرین.

پاشان عەدنان بەرزنجی وتاری خۆی سەبارەت بە پانتای جوغرافیایی زاراوەی ئەردەڵان و پێوەندی و جیاوازی لە گەڵ زمانی پێوەر پێشکەش کرد کە داگری ئەم باسانەیە:

پێناسەی کولتووری و فەرهەنگی ئێمە زمانە. زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی دونیا و دەڕواتەوە سەر زمانە ئێرانیەکان کە ئەویش دەڕواتەوە سەر زمانە هیندوئێرانیەکان و بۆ پۆلێن بەندی کردنی زاراوەکانی زمانی ئەردەڵانیش چەند بیروڕا هەیە. ئێستا بەم شێوەیە کە زمانی کوردی کراوەتە سێ بەشی کرمانجی ژوور و کرمانجی ناوەڕاست و کرمانجی خواروو و گۆران و زازاش پێکەوە دادەنێن.

زاری ئەردەڵانی بۆ خۆی دەبێتە ٦ دەستەوە. یەکیان ئەردەڵانی ناوەندی یان هەمان سنەییە کە خۆی شەش دەستەی لێ جیا دەبێتەوە.

یەکەم ئەردەڵانی ناوەندی یا سنەییانە کە داگری شاری سنەیە و بە پێ ئاماری ساڵی ١٣٨٥ ، ٩٩ هەزار و ٦٩٤ بنەماڵە و جەماوەرەکەشی ٣٨٦ هەزار و ٧٣٨ کەسە.

دووهەم زاری ئەردەڵانی لەیلاخیە کە خۆی داگری دوو بەشی شاری دێولان و ناوچەی لەیلاخە و ٨٣ لادێیە.

زاری ئەردەڵانی مەریوانی داگری سەرشیو بە ٢٧ لادێ و کۆماسی بە ١٩ لادێیە، زاری ئەردەڵانی دیواندەرەیی کە داگری شاری دیواندەرە، ناوچەی چل چەمە، هەوەتوو و ناوچەی ساراڵە، زاری ئەردەڵانی کامیارانی کە داگری ناوچەی کامیاران، بێڵەوار، ژاوەرۆی باکووری و شاهۆ، ئەردەڵانی قوروەیی کە ناوچەی یاڵووزەغاج بە ١٥ لادێ و ١٠٣٢ بنەماڵەیە، ئەردەڵانی بیجاڕی کە داگری دوو بەشی خەسراوا و نەجەفاوایە.

بە پێ ئاماری ساڵی ١٣٨٥ ڕێژەی جەماوەری زاری ئەردەڵانی ٩٧١ هەزار و ٤٧٧ کەسە. ژمارەی لادێیەکان ٧٣٠ لادێیە. ژمارەی شارەکان ٦ و ٢٣٠ هەزار و ٤٨ بنەماڵەشی هەیە.

لە سەر زاری ئەردەڵانی تا ئێستا کەسێک نەبووە بە شێوەی تێئۆری و پسپۆڕانە بە شێوەی فەرمی و غەیری فەرمی کارێکی ئەوتۆی کردبێت.

لە شێوەی ئاخاوتنیش دا دیسان ئەردەڵانی بە دوو دەستەی ئەردەڵانی سنەیی و ئەردەڵانی دیکەی ناوچەکان دابەش دەکرێت. کە لە بەکارهێنانی ڕابردوو و ڕانەبردوو و ناسراو و نەناسراو جیاوازیان هەیە.

پاشان کۆمەڵێ پرسیار ئاراستە کرا و لە لایەن گوتاربێژانەوە وەڵامیان درایەوە.

ڕۆژی دووهەمی ئەم کۆنگرە بە پەنێلێک بە بەڕێوەبەرایەتی یەحیا ئەردەڵان و بەشداری دوکتۆر ئازاد ئەحمەد، دوکتۆر ئەمیر عەبدۆڵاهی و سوهەیلا محەمەدی بەڕێوە چوو.

ئەم پەنێلە بە وتاری دوکتۆر ئازاد ئەحمەد دەستی پێ کرد و سەبارەت بە ئاکادێمیای کوردی باسی کرد و وتی: ئاکادێمیای کوردی درێژە کراوە و بەردەوامی کۆڕی زانیاری کوردە کە لە سەرەتای ٧٠ کانەوە لە شاری بەغدا دامەزرا.

ئاکادێمیا دەزگایێکی زانستی- مەعنەوی سەر بەخۆیە بۆ ئەوە دامەزراوە کە زمانی کوردی بپارێزێت. کار دەکات بۆ یەکخستنی زاراوەکانی نێو دیالێکتە جیاوازەکان. ئاکادێمیا لە سەریەتی کە فەرهەنگی زانستی و زمانی دابنێت.

خولی یەکەمی ئاکادێمیا لە ١٣ی ٩ی ٢٠١١ تەواو بوو واتا ٤ ساڵ بە سەر مێژووی دامەزراندنی تێپەڕ بوو و لە سەرەتای قۆناغی خۆلی دووهەمی داین.

ئاکادێمیا لە سەر زەویێکی بەربڵاوی وشک هەڵاتوو لە دایک بووە چووکو ڕژیمی بەعس سەرەڕای کاول کردنی کوردستان سەرچاوەی گرفتەکانی زمان و کەلتوور و مێژووش بووە. کارکردنی دەزگایێکی زانستی بۆ نەهێشتنی مەینەتیەکانی فەرهەنگی کارێکی سانا و ئاسان نیە و کاتی زۆری پێویستە.

پێک هاتەی ئاکادێمیای کوردی بریتیە لە ١٥ ئەندامی کارا کە زۆربەیان ماموستای زانکۆ شارەزا و پسپۆڕ و لێکۆڵەرن و ١٠ ئەندامی خۆبەخش و ١٥ ئەندامی یاریدەریشی هەیە.

ئاکادێمیا هەر لە سەرەتای دەس بە کار بوونیەوە لە چارەسەر کردنی گرفتەکانی زمان و ڕێنووسی کوردی گرتۆتە ئەستۆ. هەوڵی داوە دیالێکتەکان بە تایبەتی دیالێکتەکانی کرمانجی خواروو و سەروو لە یەکتر نزیک بکات بەو مەبەستەی کە زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو و سەرتاسەری بێتە ئاراوە. جگە لەمەش شانی داوەتە بەر کێشەکانی زمانی فەرمی و کونفڕانسی بۆ ساز کردووە بەڵام چوونکە ئەم ٢ بابەتە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاری نەتەوەیی گوزەر دەکەن، کاتێکی زۆری پێویستە.

سەبارەت بە ڕێنووسی یەکگرتووی کوردیش هەوڵی داوە ڕێنووسێکی یەکگرتوو لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە باوەڕی پێ کراوە و دانی پێ ناوە، هێناویەتە بەرهەم، بۆ ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ بەسوودە و بە هیوای باشتر کردنین.

دەیان پرۆژەی پێویست و بەسوود لەو دەزگایە ئەنجام دراوە کە بوارەکانی زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و مێژوو لە خۆ دەگرێتەوە و دەیان پرۆژەیتریش بە ڕێگایەوەن و فەرهەنگ و وشەنامەکانی ئاو، ئابووری، ئەندازەیی، دەروونی، پیزشکی و ... لەم دەزگایە وە بەرهەم هاتوون و ئەم دەزگایە ئەم فەرهەنگانەی کردۆتە پەرچین و پارێزگاری زمانی کوردی پێ کردووە و هەروەها دەیان کتێبی بەسوودی بە چاپ گەیاندووە.

ئاکادێمیای کوردی بۆ قەڵەم بەدەستان دامەزراوە. دەبێ هەموومان خۆمان بە خاوەنی ئەو دەزگا زانستیە بزانین و هەر قەڵەم بەدەستێکی کرد لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بێت، خاوەن ئەم دەم و دەزگایە. ئەو دەزگایەش داوا لە هەموو خاوەن قەڵەمەکان دەکات بۆ بەشداریان.

دەستەی سەرۆکایەتی ئاکادێمیا لە ڕێکەوتی ٢٠/١١/٢٠١١ بڕیاری دا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی ببێتە ئاریکار لە بواری زانست و فەرهەنگ لە ئاکادێمیا.

پاشان دوکتۆر ئەمیر عەبدوڵاهی بابەتێکی لە سەر لێکدانەوەی حکوومەتی خاندانی ئەردەڵان لە سەر کوردستان لە سەردەمی زەندیە پێشکەش کرد و وتی: بەداخەوە ئەو کەسانەی کە مێژوو دەنووسن بە جوانی مێژووی کوردستانیان لێک نەداوەتەوە و ئەمە لەحاڵێک دایە کە بۆ نووسینی مێژووی کوردستان دەبێ مێژووی ئێران بە باشی بناسین.

ئەو کەسانەی مێژووی ئەردەڵانیان نووسیوە، خۆیان لە دەزگا و دیوانی ئەردەڵانەکان بوون. لە سەردەمی زەندیە، خاندانی ئەردەڵان هەوراز و نشێوی زۆری بووە و بنەماڵەی ئەردەڵان ئەوەندە دەسەڵاتی بووە کە بتوانێ وەکوو نەتەوەیێکی ئێرانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

ناتوانین چاوپۆشی لە پێگەی ئەردەڵانەکان لە دەسەڵاتی ناوەندی بکەین. ئەوان ٦ یا ٧ سەدە لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندی بوون و پێوەندی باشیان لە گەڵ ئەوان بووە. والیەکانی ئەردەڵان لە شەڕەکاندا هاوڕێ بوون لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی.

پاشان خاتوو سوهەیلا محەمەدی وتاری خۆی سەبارەت بە دەسەڵاتی خەسرەوی دووهەم و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بەم باسانەی خوارەوە پێشکەش کرد:

خەسرەوخانی دووهەم دوو حکوومەتی بووە کە لەم وتارە مەبەست حکوومەتی دووهەمە. خەسرەوی دووهەم کوڕی گەورەی خان ئەحمەدخانی سێهەم لە تەمەنی 20 ساڵی بە کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی سیاسی و بەهرەمەندی لەم بۆشاییە و پشتیوانی خەڵک لە بەهاری 1165 بوو بە شازادەی کوردستانی ئەردەڵان.

خەسرەو خان لە کاتی لەشکەرکشی بۆ سنە پێوەندییەکانی لە گەڵ کەریم خانی زەند، کوڕی مامی خۆی باش نەبوو و لە ڕووی ناچارییەوە بەرەو لای محەمەد حەسەن خانی قاجاڕ ڕۆیشت کە ئەو یەکێک لە داخوازانی تاج و تەخت بوو.

گۆڕەپانی سیاسی ئێران بێ وچان لە حاڵی گۆڕاندا بوو و هەرکام لەم وڵاتانە بۆ ماوەیێک کەوتۆتە دەستی کەسێک کە بە کەڵک وەرگرتن لەم هەل و مەرجەدا بۆ سەربەخۆیی دەکۆشن و لەدوای ئەمەش هاوپەیمانیەتی خۆیان دەگۆڕی. لە بەهاری ساڵی 1170 محەمەدحەسەن خان بەرەو ئازەربایجان بەڕێ کەوت و دوای گرتنەوەی تەورێز، بۆ ورمێ ڕۆشت.

ئازادخانیش هاوکات بە یارمەتی سەلیم پاشا بەرەو ورمێ چوو. لە ورمێ شەڕ داگیرسا و لە کاتی شەڕەکە یەکێک لە سەرکردەکانی ئازاد خان بە ناوی شەهوازخان هاوکات لە گەڵ هێزەکانی سپای قاجاڕ یەکیان گرت و لەشکەریانی ئازاد خانیش بەناهۆمێدی گۆڕەپانی شەڕیان بە جێ هێشت.

ورمێ دوای چەند ڕۆژ گەمارۆدان ڕووخا و فەتحعەلی خان بۆ شاری خۆی هەڵات و ئازاد خانیش چەند مانگ لە تەنیشت سلێمان پاشای دووهەمی بابان پەنابەر بوو و دوایی بە بانگهێشتی سلێمان پاشا بۆ بەغدا ڕۆیشت و لەوێ نیشتەجێ بوو. محەمەدخان بوو بە یەکەم دەسەڵاتی ئێران و فەرمانی دەسەڵاتداری خەسرەوی لە 1170 ڕاگەیاند. شازادە دوای دەست گرتنی دەسەڵات بۆ دابین کردنی ئاشتی و هێمنایەتی قۆڵی هەڵماڵی.

دەیان ساڵ بشێوی و شەڕی پەیتا پەیتا و کۆچ کردن، ئابووری کوردستانی بە گیانەڵا گەیاندبوو. کێڵگە و باخ و لەوەڕگەکانی بێ کەڵک مابوون و ڕەوتی چالاکییە بەرهەم هێنەرەکان و بازەرگانیەکان بە تەواوەتی قەتیس مابوون. لەو کاتەدا شاری سنە 8 ساڵ لەمەوبەر بوو بە وێرانە و ڕووخا بوو هەر بەم بۆنەوە، خەسرەو خان دەرباری دەسەڵاتداریەتی خۆی بەرەو قەڵای حەسەن ئاوا لە شاری سنە ڕاگوێزا. ئەو هەر لەم قەڵایە دەستی کرد بە چاکسازی سنە و هەموو شوێنەکانی ئاوەدان کرد و هاوکات بۆ بەدی هێنانی هێمنایەتی، پیلانی عەلی سوڵتان و خەسرەو بەگ کە بەردەوام لە نێو خەڵکی سنە تووی دووبەرەکییان دەچاند، پووچەڵ کرد.

لەم ناوەشدا ئازاد خان لە بەهاری ساڵی 1172بە مەبەستی تاڵانی مەڕ و ماڵاتی هۆزە کوردنشینەکانی شارەزوور و هەڵخڕاندنی سلێمان پاشای دووهەمی بابان بۆ تەمێ کردن و ئازاری خەسرەو خان هاتە کوردستانی ئەردەڵان. خەسرەو خان خەڵکی دەوراندەوری قەڵای حەسەناوای لە گەڵ پاشەکەوت و ماڵ و سامانیان بۆ نێو قەڵاکە جێبەجێ کرد. لە کاتی داگیرسانی شەڕەکە زۆر هۆشی بە خەڵکی شاری سنەوە بوو و مەبەستی ئەوە بوو تەنانەت یەک کەس بە بۆنەی ئەم شەڕانە نەکوژرێت. لەشکرەکانی ئازاد خانیش هێدی هێدی بە کردنەوەی خەنەق خۆیان بۆ شەڕ تەیار کرد بەڵام نەیاندەوێرا لە بەر سپاکەی خەسرەوخان هێرش بەرنە قەڵاکەی حەسەن ئاوا چوونکە ئەم قەڵایە چەندەها جار لە مێژووی کورد سەلماندبووی کە هیچ کات داگیر نابێت و ناڕووخێ.

پاش ماوەیێک هێرشی کەس لە بەرانبەر کەس دەس پێ کرد و شەڕەکە داگیرسا و خەسرەو بە بانگهێشت کردن بۆ سەر سپای خۆی هاتنە حەسەن ئاوا سپای ئازاد خانیان بە باشی تەمێ کرد. ئەویش ناچار بوو گەمارۆ دانی قەڵاکە پووچەڵ بکاتەوە و دەستی بە پاشەکشێ کرد کەوا بوو خەسرەو خان بە یارمەتی شێخ حەلی خانی زەند بۆ لابردنی دوژمنە هاوبەشەکانیان دەستی بەم ئەنجامە دا.

بەم شێوەیە خەسرەوی دووهەم بە لابردنی یەکێک لە پڕ مەترسی دار ترین دوژمنان و داواکارانی تاج و تەختی ئێران دەوری سەرەکی گێڕا. هەر بەم بۆنەوە کەریم خانی زەند نازناوی والی کوردستانی ئەردەڵانی پێ بەخشی.

پاش ئەم باسانە ماوەیێکی کورتیش تایبەت درا بە پرسیاری ئامادە بووان و وڵام دانەوەی گوتاربێژان.

پەنێلی دووهەم بە سەرۆک پەنێلی دوکتۆر هووشمەند عەلیزادە لە سەر بیناسازی و جوگرافیای سەردەمی ئەردەڵان بە بەشداری دوکتۆر ئیبراهیم زارعی، دوکتۆر یاماقووچی، دوکتۆر سەعید خزری و ئافاق کازمی بەڕێوە چوو کە بە وتاری دوکتۆر زارعی سەبارەت بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بیناسازی و شارسازی گەڕەکەکانی سنە لە سەردەمی قاجاڕ دەستی پێ کرد و کە کورتەیێک لە باسەکانی ئەمانەن: بنەماڵەی ئەردەڵان ڕەوڵێکی گرینگیان لە شارنشینی بووە. چوار قەڵای پاڵەنگان، حەسەن ئاوا، مەریوان و زەڵم هەر یەک بە شێوەی وەرزی لە لایەن ئەردەڵانەکانەوە حکوومەتیان لە سەر دەکرا.

سنە پاش ئیسفەهان گەورەترین دژی بووە و ئەردەڵانەکان لە سەردەمی خۆیان گرینگی زۆریان بە شارنشینی داوە کە ئەمەش بە هۆی پێوەندی باشیان لە گەڵ سەفەویەکان بووە.

دوو ڕێکەوت لە سەردەمی ئەردەڵانەکان زۆر گرینگە، یەکیان سەردەمی سلێمان خانی ئەردەڵان و دامەزراندنی شاری سنە لە ساڵی 1046 کە چوار گەڕەک لە شەر دروست دەبێت و هەر یەک تایبەت بە چینێکی کۆمەڵگایە و دووهەم سەردەمی ئەمانوڵا خان.

شاری سنە تا سەرەتای هاتنی پەهلەویەکان حەوت گەڕەک بو کە چواریان گەڕەکە سەربەخۆ و سەرەکیەکانی شار سێ گەڕەکیش گەڕەکە ناسەربەخۆ بوون.

هەموو دین و ئایینەکان وەکوو یەهوودی، ئەرمەنی، شێعە، سونی، مەسێحی و ... لەم شارە پێکەوە دەژیان. گرینگترین گۆڕانەکان لە سەردەمی والیگەری ئەمانوڵا خان ڕووی داوە. ئەو هەر لە سەرەتاوە بە پێوەندی گرتن لە گەڵ شای قاجار، هێمنایەتی و ئاسایشی بۆ ئەم ناوچە و بە تایبەت شاری سنە هێنا.

دواتر دروست کردنی چوارباخ و عەمارەتی خەسرئاوا لە دەرەوەی گەڕەکی نێوقەڵا بوو بە هۆی هان دانی هاتنی گەورەکانی شار بۆ گەڕەکەکانیتر. ئەم ڕەوتە لە سەردەمی والیەکانی پاش ئەمانوڵاخانیش هەر درێژەی بوو و لە مەودای نێوان ساڵەکانی 1851 تاکوو 1956ی زایینی ئاستی شار گەیشتە 170 هێکتار. جەماوەری شار لەم ساڵەدا 40 هەزار و 600 کەس بوو. بە شێوەیێکیتر دەتاونین بڵێین بە زیاد بونی 50 هێکتار بە شار، جەماوەری شار 4 ئەوەندە زیادی کرد.

پاشان دوکتۆر یاماقووچی کە لە ژاپۆنەوە لەم کونگرە بەشداری کردبوو، وتاری خۆی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد.

دوکتۆر سەعید خزری و خاتوو ئافاق کازمی بە شێوەی هاوبەش وتارێکیان لە سەر جوغرافیای ئەردەڵان پێشکەش کرد کە بە کورتی داگری ئەم باسانە بوو:

وشەی کوردستان یان وڵاتی کوردان لە ڕوانگەی جوگرافیایی-مێژووییەوە لە سەردەمی سوڵتان سنجەر، دواهەمین پاشای سەلجووقی، بە شێوەی فەرمی بە کار هێنرا. حەمدوڵا مستەوفی بۆ یەکەم جار لە کتێبی خۆی بە ناوی (نزهه القلوب) وشەی کوردستانی بە کار هێنا. وشەی ئەردەڵان وشەیێکی کوردی- مادیە کە لە نێو وڵاتی ئاریاییەکان دایە.

وشەی ئەردەڵان لە دوو وشەی ئەرد بە واتای خاک و وڵات و ئالان بە واتای ئاریایی پێک هاتووە کەواتە ئەردەڵان بە واتای وڵاتی ئاریاییەکانە. ئەم وشە لە ساڵی 622 زایینی لە ئێراندا بە واتای ناوی هۆزێک و هەروەها بۆ ناوچەی جوغرافیاییش بە کار هێنراوە. لە ساڵی 1049ی کۆچی مانگی ڕێکەوتننامەی زەهاو واژۆ کرا و لە ئاکامی ئەوەدا وڵاتی ئەردەڵان بە کوردستانی ئەردەڵان ناوزەد کرد.

پەنێلی سێهەم بە بەڕێوەبەرایەتی دوکتۆر نەوید نەقشبەندی و بەشداری محەمەدعەلی قەرەداغی، ناسر عەلی یار و سەید تاهیر هاشمی بەڕێوە چوو.

سەرەتا محەمەد عەلی قەرەداغی وتاری خۆی سەبارەت بە کاریگەری ڕۆشنبیری ئەردەڵان لە سەر کوردستان پێشکەش کرد کە داگری ئەم باسانە بوو.

ئەوەی لای ئێمە بایەخی پێ نەدراوە، بواری ڕۆشنبیری لە مێژووی کورد دایە. سەرتاسەری مێژووی ئەردەڵان باسێکی ڕۆشنبیری تێدا نیە  و باسی ئەوە نەکراوە کە لەو سەردەمە کام مەلا دەوری بووە، خوێندن زۆرتر لە چیدا بووە.

شێوەی بلاو بوونەوەی زانایان بە کوردستاندا بە دوو شێوە بوە. لەو سەردەمانە هاتن و چون بۆ زانایان ئاسان بووە و هەر بەم بۆنەوە بۆ فێر بوون زۆر گەڕاون و ئیجازەی مەلایەتییان وەرگرتووە و شێوەی دووهەمیش بەم شێوە بووە کە لە سەر داوای میران، زانایێک خۆی ئەوەی هەڵدەبژارد کە بڕواتە شوینێک و بنەماڵەی مەردۆخی سنەییش 4 بەش بوون کە بەشێکیان لە بەغدا، بەشێکیان لە شێخانی سیاگوێز، بەشیکیان لە شێخانی قەرەداغی و بەشێکیان لە سلێمانی دانیشتوون.

ئەو پاشان باسی خۆشنووسەکانی ئەم بنەماڵەیە دەکات و بە لێکدانەوەی ڕۆشنبیری درێژە بە باسەکانی ئەدات.

ناسر عەلی یاریش وتاری خۆی سەبارەت بە زیندوو کردنەوەی مەکتەبی کەلامی ئەشعەری لە میرنشینی بابان پێشکەش کرد و وتی: هەموو میرنشینەکانی بۆتان، سۆران، مۆکریان و ئەردەڵان لە سەر دوو بنەما ڕاوەستاون یەکەم ئەوانەی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە و دووهەم کەسایەتییە ئایینیەکان.

ئەو لە درێژە سەبارەت بە دەرکەوتن و لە ناو چوونی مەکتەبی ئەشعەری و هۆکارەکانی باسی کرد.

دواهەمین بەشداربوی پەنێلەکە سەید موعتەسەم هاشمی لە سەر لێکدانەوەی تیۆریک لە بارەی ئەردەڵانەکان پێشکەش کرد و وتی: بەشی گرینگی لە سەربەخۆیی ئەردەڵان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سیستم و فورمی دابڕاو و پارچە پارچەی دەسەڵات لە دەورەی فیۆدالی و هەمان شێوەی دەسەڵاتی خۆماڵی لە گەڵ ناوەرۆک و ناخی ئاریستۆکراتیک هاوئاهەنگە.

لە گەڵ هەموو بایەخی ئەمارەتی ئەردەڵان هێشتا مانای میلەت ورد و نادیار بوو. لە ڕاستیدا لە سەردەمی ئەردەڵان و بابان هەموو کەسێ هەستی دەکرد کە ئەمانە حکوومەتی کوردن و ڕووخانیان ڕووخانی کوردە.

ئەگەرسەرجەم بواری مەدەنی، بیناسازی و ئایین و ... ی ئەردەڵان و بابنەکان نەبوایا و هەموویان لە شآرەکانی سنە و سلێمانی چڕ و پڕ نەبوایان، ئاستی فەرهەنگ کز دەبوو و هیچ ڕێگایێک بۆ پلەی شارستانی بۆ کورد پێش نەدەهات و بۆشایێک لە لاپەڕيکانی مێژوو پێش دەهات کە پڕ کردنی لەوانەیە چەند سەدە ماوەی پێویست بوایا.

پاش کۆتایی ئەم پەنێلەش پەیامی ئەنجومەنی فرهەنگی- ئەدەبی ڕۆجیاری مەریوان بۆ ئەم کۆنگرە لە لایەن هەورامان بەهرامیەوە خوێندرایەوە و دواهەمین پەنێل بە بەڕێوەبەرایەتی ڕەئووف عوسمان و بەشدار بوونی ئەسعەد ئەردەڵان، حسام مەردۆخ ڕۆحانی و کامەران ڕەحمانی بەڕێوە چوو.

وتاری دوکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان لە سەر ئەو شتانەی کە کاریگەری بووە لە سەر داوەشاندنی ئەردەڵانەکەن باسی کرد و یەکێک لەوانەی کێشەی ناوخۆیی و دیوانی لە نێو ئەردەڵانەکان زانی و وتی: یەکێک لەو شتانەی کە بۆتە هۆی ڕاگرتنی دەسەڵات بۆ ماوەیێک، هاوسەرگیری لە گەڵ پاشان و دەساڵاتداران بووە.

ئەو لە درێژە لە سەر میژووی ئەو ڕووداوانە باسی کرد.

حسام مەردۆخ ڕۆحانیش لە کۆتایی هۆکار و بەستێنەکانی داڕووخانی دەسەڵاتی ئەردەڵانی باس کرد و وتی: حکوومەتی ئەردەڵان وەکوو بەدەوامترین حکوومەتی کورد، ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژووی وڵات بووە و کارێکیان کردووە سنە وەکوو دارالعلم ناوزەد بکەن.

هەروەها کامران ڕەحمانیش وەکوو دواهەمین بەشداربوو باسەکانی خۆی هەر لەم بوارەدا پێشکەش کرد.

لە کۆتایی ئەم کۆنگەرەیە دوکتۆر نەجمەدین جەباری، سەرۆکی توێژینگەی کوردستان ناسی وێڕای سپاسی هەموو بەشداربوان و سپاس لە هەوڵ و ماندوو نەبوونی خوێندکارانی بەشداربووی ئەم کۆڕە، وتی: ئەم وتارانەی کە لەم کونگرەن پێشکەش کران یەک لە هەزاری خەباتی ئەرەدڵان لە کوردستان و ئێرانی دەرخستووە و تینوویەتی بەشداربووانی نەشکاندووە بەڵام لە ئاستی خۆیدا ئەتوانێ ترووسکەیێکی ڕووناکی بێت کە تیشک بخاتە سەر پەیکەری حەوت سەدە مانەوەیی ئەردەڵانەکان لە ئێران.

دوکتۆر جەباری زیادی کرد: بۆ ئەوەی ئەم کۆڕە بە ئامانجەکانی بگات، هەوڵ درا بە ئەوپەڕی ڕێک و پێکییەوە بەرنامەکان ئەنجام بدات. بەو هیوایە جێ ڕەزامەندی بەشداربوان بووبێت.

ئەو هەروەها سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی پارێزگاری کوردستان عەلیڕەزا شەهبازی، سەرۆکی زانستگای کوردستان دوکتۆر جەهانشیر ئەمینی و بنەماڵەی ئەردەڵان کرد.

لە کۆتایی لە ڕێ و ڕەسمێکدا ڕێز لە هەموو بەشدار بووانی ئەم کۆنگرە گیرا و پەیامی بنەماڵەی ئەردەڵانیش خوێنرایەوە.